عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش داتاکان ئامادە دەکات

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش داتاکان ئامادە دەکات. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش داتاکان ئامادە دەکات. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی فیدراڵ گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووە بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پێدانی سەرەمووچەی ساڵانە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025ـەوە سەرەمووچە و لە ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی ڕاگیراوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمیش ڕادەگەیەنێت کە دۆسیەکانیان بۆ جێگیرکردنی لە بودجەی 2027 ئامادە کردووە.

بڕیاری بەغداد و دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم

وەزیرى دارایی و ئابوورى حکومەتى فیدراڵ گشتاندنێکى ئاڕاستەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووە و داوا دەکات دەست بە تەواوکردنى ڕێکارەکانى پێدانی سەرەمووچەى ساڵانە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران کەت بەگشتى چوار ساڵ جارێکە ئەنجام بدەن، بەڵام لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2025 سەرەمووچەى ساڵانە بۆ فەرمانبەران ڕاگیراوە و پلەبەرزکردنەوەش لە مانگى شوباتى 2016ـەوە ڕاگیراوە.

پابەندیی حکومەت بە شایستەیی فەرمانبەران

فالح سارۆ وەزیرى دارایی عێراق لەبارەی مافی فەرمانبەرانەوە گوتوویەتى، پێدانى سەرەمووچە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران لە چوارچێوەى پابەندیی حکومەتە بە ماف و شایستەیی فەرمانبەران.

خەرجیی ئێستای مووچەی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، کە لە وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستیکەوتووە، خەرجیی مووچەى مانگانەى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەى 965 ملیار دینار، بەبێ سەرەمووچەى ساڵانە و پلەبەرزکردنەوە کە لە ساڵى 2016ـەوە ڕاگیراوە.

پلەبەرزکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان

هەرچەندە پلەبەرزکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە سەرەتاى ساڵى 2021 دەستى پێکردووەتەوە، بەڵام ئەوانەى ئەمساڵ پلەبەرزکردنەوەیان بۆ کراوە، تا ئەو کاتەى پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق پەسەند دەکرێت شایستەى دارایی پلەبەرزکردنەوەکەیان بۆ هەژمار ناکرێت بەگوێرەى بڕیارى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

ئاماری مووچەخۆران و بودجەی پێویست

بەرپرسێکى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە نەویست ناوى بهێندرێت لەبارەی ژمارەی مووچەخۆرانەوە بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 1 ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر هەیە و خەرجیی مانگانەیان دەگاتە نزیکەى 965 ملیار دینارى مانگانە.

ڕادەستکردنی داتاکان بە بەغداد

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانییەوە ڕاشیگەیاند، بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى کە لە سەرەتاى 2016 ڕاگیراوە زۆرینەى فەرمانبەران سێ پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە، ئێمە لە وەزارەت دۆسییەکانمان ئامادە کردووە و لە داهاتوودا لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە داتاکانیان ڕادەست دەکەین کە پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجەى 2027 جێگەى بکرێتەوە هاوشێوەى هاوتاکانیان لە عێراق.

بڕی تێچووی دارایی پلەبەرزکردنەوە

سەبارەت بە کۆی خەرجییە زیادبووەکان باسى لەوەشکرد، خەرجیی پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى و سەربازى و هێزە ئەمنییەکان مانگانە نزیکەى 95 ملیار دینار بۆ مووچەى مانگانە زیاد دەکات و مووچەى مانگانە بە پلەبەرزکردنەوە دەگاتە 1 تریلیۆن و 150 ملیار دینارى مانگانە.

گفتوگۆکانی شاندی هەرێم و بەغداد

لەسەر ئامادەکردنی لیستەکان ئەوەشى دووپاتکردەوە، سەرجەم داتاکانى تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکرێت و هەرکات شاندى دارایی هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق دەستپێکرد هەموو ئەو لیست و داتایانە ئامادە کراوە و دەخرێتە بەردەست وەزارەتى دارایی عێراق.

پێویستیی جێگیرکردنی شایستە داراییەکان

سەبارەت بە کاتی گفتوگۆکان لەبارەی پشکداریی هەرێمەوە گوتیشی، حکومەتى هەرێمى کوردستان پێش ئەوەى پڕۆژەیاسای بودجەى 2027 بچێتە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێویستە گفتوگۆ بکات لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان و جێگیرکردنى شایستەى دارایی پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران.

دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نوێ

سەبارەت بە بودجەی دامەزراوانی نوێ ئەوەشى خستەڕوو، حکومەتى هەرێمى کوردستان مانگانە بۆ 51 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست و هەمیشەیی کە لە تەمووزى 2024 بەدواوە دامەزراون مانگانە 43 ملیار دینار خەرج دەکات، ئەوەش دەبێت بخرێتە چوارچێوەى پڕۆژەیاسای بودجەى عێراقەوە، چونکە هەرێمى کوردستان تواناى دارایی نییە ساڵى داهاتوو تەمویلى مووچەى ئەوانە لە داهاتى ناوخۆ دابین بکات.

پشکی هەرێم و پرسی ڕادەستکردنی نەوت

لە کۆتاییدا لەبارەی پشکی بودجە و پرسی نەوتەوە جەختى لەوەشکردەوە، هەرێمى کوردستان ڕژدە لەسەر ئەوەى لە پڕۆژەیاسای بودجەى 2027 پشکى بودجەى بۆ ڕەوانە بکرێت بەگوێرەى سەرژمێرى دانیشتووان و لەبەرامبەردا هەرێمى کوردستان ئەو بڕە نەوتەى بەرهەمدەهێندرێت پاش دەرکردنى پێداویستى سووتەمەنى، ئەوى دیکەى ڕادەستى بەغداد دەکات.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا