عەدنان جومەیلی؛ 67 ملیار دیناری دیکەی لە ژێر زەویدا دەستیبەسەردا گیرا
دۆسیەی گەندەڵی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەهەندی نوێ وەردەگرێت و کۆی ئەو پارە و سامانەی تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتە سەروو 98 ملیار دینار.
دۆزینەوەی 67 ملیار دینار لە قووڵایی چوار مەتردا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، توانراوە دەستبەسەر 67 ملیار دینار و 1 ملیۆن دۆلاری دیکەدا بگیرێت. ئەو بڕە پارەیە لە ماڵی چەند کەسێکدا شاردراوەتەوە و بەشێکی لە ژێر زەویدا و بە قووڵایی 4 مەتر نێژراوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانەوە دۆزراوەتەوە و دەرهێنراوە.
کۆی سەروەت و سامانە دەستبەسەرداگیراوەکان
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دادگای تاوانەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، تاوەکو ئێستا کۆی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا گیراون گەیشتووەتە 98 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلار. جگە لە پارەی کاش، دەست بەسەر 3 کیلۆ و 500 گرام زێڕ، 71 مۆڵک لە شارەکانی بەغداد و هەولێر و سەڵاحەدین، لەگەڵ بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیراوە کە لە ماڵەکەی جومەیلیدا بوون.
دانپێدانانەکان و دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین
دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووەتە هۆی فراوانبوونی لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنی ڕائید جبووری، پارێزگاری پێشووتر و بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی سەڵاحەدین. ڕائید جبووری کە پزیشک و سیاسییە، تۆمەتبارە بەوەی لە پرۆژەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا تێوەگلاوە.
سووتاندنی ملیاران دینار لە تەنووردا
لە ڕووداوێکی پێشوودا، دەزگا ئەمنییەکان خێزان و براکەی عەدنان جومەیلییان دەستگیرکرد. ئەوان تۆمەتبارکراون بەوەی پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ پشکنین، هەوڵیانداوە ملیاران دینار و زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار لە تەنووری نانکردنی ماڵەکەیان لە ناوچەی ئیسحاقی بسووتێنن بۆ ئەوەی بەڵگەکان لەناو ببەن.
دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراقی
هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دژ بە گەندەڵی، عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی دەستگیرکراوە. ناوبراو کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەی وەگەڕخستنەوەی فڕۆکە پەککەوتووەکان بووە، تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە 115 ملیار دینار.
سزادانی یەزن مەشعان جبووری بە 5 ساڵ زیندانی
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکیی عێراق سزاى 5 ساڵ زیندانیی توندی بۆ یەزن مەشعان جبووری دەرکرد. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، جبووری بە تۆمەتی فێڵکردن و بەکارهێنانی هەژموونی درۆینە، بڕی 41 ملیار دیناری لە سکاڵاکارێک وەرگرتووە بەو ناوەی کە دەتوانێت چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بۆ ڕێکبخات و ئاسانکاریی بۆ بکات.
24/06/2026