
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان پشتیوانیى خۆى بۆ لێکتێگەیشتنى هەولێر و بەغداد لەبارەى سیستمى ئەسیکۆدا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، هەفتەى داهاتوو شاندێکى باڵا لەسەر ئەو پرسە دەنێرێتە بەغداد و هەر لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا کەمترین مووچەى خانەنشینى کرێکار بکرێتە 500 هەزار دینار.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا (چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026)، لەبارەى لێکتێگەیشتنى هەولێر و بەغداد لەبارەى سیستمى ئەسیکۆدا، ئاشکرایکرد، وێڕای پشتیوانی لە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان کاتدا وەزارەت و فەرمانگەکانى ڕاسپاردووە، بۆ هەماهەنگى لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاریی بۆ ئابووری و بڕیاریشیدا هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغداد بکات.
ئەنجوومەنى وەزیران داوا لە حکومەتى فیدراڵ دەکات بەخێرایی ئەم لێکتێگەیشتنە پەسەند بکرێت و دەڵێت، ڕۆڵى بەرچاوى دەبێت لە زیادکردنى داهات و ڕێکخستنەوەى دامەزراوەکان لە چوارچێوەى دەستووردا.
بڕگەیەکى دیکەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران تایبەت بووە بە دەستەبەریی کۆمەڵایەتیى کرێکاران، وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕایگەیاندووە، ژمارەى ئەو پرۆژانەى دەستەبەر کراون گەیشتوونەتە 64 هەزار پرۆژە و ژمارەى کرێکارانى دەستەبەرکراویش گەیشتوونەتە 320 هەزار کرێکار.
لەکۆبوونەوەکەدا وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى داوایکردووە، کەمترین مووچەى خانەنشینیى کرێکار بکرێتە 500 هەزار دینار و بەکۆى دەنگ داواکە پەسەند کراوە.