یەکەم دادگاییکردنی ئامۆزاکەی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دادگاییکردنی وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد
دادگاییکردنی وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد

لە دیمەشق دادگاییکردنی وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بەڕێوەچوو، کە بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کوشتن و ئەنجامدانی چەندین تاوانی دیکە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا، دادگایی کرا.

چەندین تۆمەتی قورسی دراوەتە پاڵ

دادگای چوارەمی تاوانەکانی دیمەشق لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی وەسیمدا گوێبیستی شایەتحاڵەکان بوو، جگە لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و حەپی کارتێکەری دەروونیی جۆری کپتاگۆن، شایەتحاڵەکان شایەتییاندا لەسەر تۆمەتەکانی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپی چەکداری، بە سەرۆکایەتی و فەرمانی ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، لە سەرەتای ساڵی 2011ەوە، کە بە گوتەی ئەوان، بووەتەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل، ئەمە جگە لە وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان.

ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان

بەڵام ئامۆزاکەی بەشار ئەسەد زۆربەی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە خرانە پاڵی، بەتایبەتی تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی چەکداری و گوتی، ئەو تەنیا ئەو کەسانەی بەیەکدیی ناساندووە، کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەبووە.

یەکێکە لە کەسایەتییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سووریا

وەسیم ئەسەدی تەمەن 46 ساڵ، ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریایە و بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی پێشوو و بە بازرگانیکردن و بەقاچاخبردنی حەپی بێهۆشکەری کپتاگۆن بۆ وڵاتانی دراوسێ تۆمەتبار کراوە و لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپادایە.

دەسەڵاتدارانی سووریا لە حوزەیرانی 2025، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا، دەستگیریان کرد.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا