لە شەش مانگدا 8 کەس بوونەتە قوربانی؛ سەرۆکی دەزگای مین: نەبوونی بودجە ڕێگرە لە پاککردنەوەی ناوچەکان

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کارمەندى دەزگاى مین لە هەرێمى کوردستان لەکاتى بەجێگەیاندنى ئەرکەکانیاندا
ژمارەیەک کارمەندى دەزگاى مین لە هەرێمى کوردستان لەکاتى بەجێگەیاندنى ئەرکەکانیاندا

سەرەڕای بوونی مەترسییەکی بەردەوام لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان، دەزگای گشتیی کاروباری مین ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی پێداویستییەکانەوە ناتوانن لە کاتی دیاریکراودا تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکەنەوە.

ئاماری قوربانییانی ئەمساڵ و ڕابردوو

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 8 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی، کە 2 لەو قوربانییانە گیانیان لەدەستداوە. جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا کۆی قوربانییانی مین لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 13,560 کەس، ئەمەش قەبارەی مەترسییەکانی پاشماوەی جەنگ نیشان دەدات.

ڕووبەری پیسبوو بە مین و پاشماوەی جەنگ

لە هەرێمی کوردستاندا لە کۆی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشەی پیسبوو بە مین و پاشماوەی جەنگ، تەنیا 213 کیلۆمەتری ماوە پاک بکرێتەوە. لەو ڕێژەیەش کە ماوەتەوە، زیاتر لە 65%ـی دەکەوێتە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمەش وایکردووە ئەو ناوچانە وەک ناوچەی مەترسیدار لە ڕووی ژینگەیی و ئەمنییەوە بمێننەوە.

ڕێگرییەکانی بەردەم دەزگای مین

سەرۆکی دەزگای کاروباری مین جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەبوونی بودجەی تایبەت بە وەبەرهێنان لە بواری میندا، گرفتێکی سەرەکییە بۆ کارەکانیان. هەروەها کەمیی پێداویستییە تەکنیکییەکانی وەک ئۆتۆمبێلی تایبەت و کەرەستەی پێویستی هەڵگرتنەوەی مین، پرۆسەی پاککردنەوەی ناوچەکانی خاو کردووەتەوە و وایکردووە تیمەکان نەتوانن وەک پێویست ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.

ڕێککەوتننامەی ئۆتاوا و وادەی پاککردنەوە

عێراق و هەرێمی کوردستان ئەندامن لە ڕێککەوتننامەی ئۆتاوا کە ئامانجی پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکانە لەسەر ئاستی جیهان. بەپێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2007، دەبوو تاوەکو ساڵی 2018 تەواوی ناوچەکان پاکبکرانایەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی بودجە، وادەکە بۆ ساڵی 2028 درێژکرایەوە. دەزگای مین ڕایدەگەیەنێت کە بەو بودجە و کەرەستە کەمەی لەبەردەستیاندایە، ناتوانن لەو وادە نوێیەشدا تەواوی ناوچەکان بەتەواوی لە مین پاکبکەنەوە.

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا