
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مەنامەوە پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن هەرگیز ڕێگە نادات باج بەسەر کەشتییەکانی گەرووی هورمزدا بسەپێنرێت و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دووپات دەکاتەوە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن هیچ جۆرە باجێک لەسەر ئەو کەشتیانە قبوڵ ناکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. ئاماژەی بەوەش کرد ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و نابێت وەک موڵکی تایبەتی هیچ دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم لێدوانانە لە میانی گوتارێکدا بوو لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا کە لە 25ی حوزەیرانی 2026 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر هاوبەشییەکی درێژخایەن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بێت ڕەت دەکاتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە واشنتن هێشتا پابەندە بە ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پاراستنی هاوسەنگییە ئەمنییەکان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
رۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە ڕێڕەوی ئاشتییەکی بەردەوام کە ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێک نەدات. سەبارەت بە گرژییەکانی دیکەی ناوچەکەش، هیوای خواست گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت و ڕایگەیاند کە واشنتن کراوەیە بۆ هەر ڕێککەوتنێک کە سەقامگیری ناوچەکە بەهێزتر بکات و بەرژەوەندییەکانی هاوبەشەکانی بپارێزێت.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە لە کاتێکدایە، وڵاتانی کەنداو تێبینییان لەسەر هەندێک بڕگەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هەیە. ئەم نیگەرانییانە پەیوەستن بە ئەگەری بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و گۆڕانکاری لە هاوسەنگییە ئەمنیی و ئابوورییەکان، بەتایبەتی لە پرسی ئاسایشی دەریاوانی و ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا.

.jpg)