بنکۆڵکاریی کەناڵ8: پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر لە شەوان و ڕۆژانی پشوودا کار دەکەن
بنکۆڵکارییەکی نوێی کەناڵ8 پەردە لەسەر کارەساتی ژینگەیی شاری هەولێر لادەدات و ئاشکرای دەکات کە ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی، بە سوودوەرگرتن لە ڕۆژانی پشوو و نەبوونی تیمەکانی چاودێری، چالاکییەکانیان چڕ دەکەنەوە. سەرڕای ڕاگەیاندنی داخستنی زیاتر لە 80 پاڵاوگە لەلایەن دەستەی ژینگەوە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی پشتیوانیی حزبییەوە دەستیان بەکار کردووەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بە مۆڵەتی کارگەی قیرەوە خەریکی پاڵاوتنی نەوتی نایاسایین.
دەستپێکردنی کارەساتی ژینگەیی لەژێر تاریکیدا
هەر کە شەو داهات، ئیدی کارەساتێکی ژینگەیی لەژێر تاریکیدا لە هەولێر دەستپێدەکات، دووکەڵی چڕ و بۆنی تاقەتپڕووکێنی پاشماوە کیمیاییەکان، ئاسمانی ناوچەکە دادەپۆشن.
کارکردنی پاڵاوگەکان لە ڕۆژانی پشووی فەرمیدا
بەگوێرەی بنکۆڵکارییەکی کەناڵ8، ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی بە پلانی داڕژراو کار دەکەن؛ ڕێک ئەو ڕۆژانەی پشووی فەرمییە و تیمەکانی چاودێریی ژینگە، تەندروستی و قایمقامییەت لە دەوام نین، چالاکییە ژەهراوییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ دەکەنەوە و سییەکانی شار پڕ دەکەن لە ژەهر.
ئاماری فەرمیی دەستەی ژینگە بۆ داخستنی پاڵاوگەکان
ئاسمانی هەولێر لە ڕۆژانی پشوودا بە تەمێکی قورس دادەپۆشێت و تەمە خۆڵەمێشییەکە وەک مۆتەکە بەسەر شارەکەدا نیشتووە، ئەو دیمەنە ترسناکە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی ژینگە، زیاتر لە 80 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرج و ڕێنماییەکانەوە داخراون.
دوو فێڵی ترسناکی خاوەن پاڵاوگەکان
بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی بنکۆڵکاریی کەناڵ8 بۆ ڕاستی و دروستیی ئەم ئامارانە، جگە لەوەی دیمەنی ئاسمانی هەولێر ئەوە دەسەلمێنێت ناکرێت 80 پاڵاوگە داخرابن و ژینگەی هەولێریش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو وێرانبوون بچێت، خاوەن پاڵاوگەکان دوو فێڵی ترسناک بۆ کارکردنی پاڵاوگەکانیان بەکاردەهێنن.
کارکردنەوە لەژێر سێبەری نفوز و واستەی حزبیدا
کەناڵ8 لەبارەی ئەنجامەکانی ئەم بەدواداچوونە ڕایگەیاند، ئەم بنکۆڵکارییەی کەناڵ8 پەردە لەسەر ڕاستییە تاڵەکان لادەدات، بنکۆڵکارییەکەمان سەلماندی، ئەو پاڵاوگانەی بەگوتەی حکومەت داخراون، لەژێر سێبەری نفوز و واستەی حزبیدا، دووبارە دەستیان بەکارکردووەتەوە.
دروستبوونی پاڵاوگەی نوێ لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە
نەک هەر ئەمە، بەڵکو لە پاڵیاندا پاڵاوگەی نوێی نایاساییش دروستبوون، کە دیسانەوە خاوەنەکانیان بەرپرس و کەسانی دەستڕۆیشتوون و دەتوانن فێڵ لە یاسا بکەن.
گۆڕینی مۆڵەتی کارگەی قیر بۆ پاڵاوگەی نایاسایی
کەناڵ8 لەبارەی شێوازی فێڵکردن لە یاسا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایگەیاند، هێشتا ماوە، کە ڕاستییەکی دیکەی ترسناک ئاشکرا بکەین. ڕاستییە ترسناکەکە ئەمەیە، ئەو کەسە دەستڕۆیشتووانە بەناوی کارگەی قیرەوە مۆڵەت بۆ پاڵاوگەکان وەردەگرن، بەڵام دواتر فێڵ لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و کارەکەیان دەگۆڕن بۆ پاڵاوگەی نایاسایی نەوت و ڕشتنی ژەهر بەسەر خەڵکدا، ئەم ژەهرەش لە ڕۆژانی پشوو و شەوانی درەنگدا زیاتر دەبێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا