بەهۆی گەرماوە لە 10 ڕۆژدا لە ئەورووپا 2,300 کەس گیانیانلەدەستدا

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لە خەڵکی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بۆ خۆ فێنککردنەوە چوونەتە ژێر ئاوی نافورەکان. فۆتۆ: AFP
بەشێک لە خەڵکی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بۆ خۆ فێنککردنەوە چوونەتە ژێر ئاوی نافورەکان. فۆتۆ: AFP

شەپۆلێکی توندی گەرما وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیای گرتووەتەوە و لە ماوەی 10ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەس، کە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە. وڵاتی ئیسپانیاش بە تۆمارکردنی بەرزترین ڕێژەی قوربانی، زیاتری زیانی پێگەیشتووە.

زیانە گیانییەکانی شەپۆلی گەرماکە

زیاتر لە هەفتەیەکە پلەکانی گەرما لە ئەورووپا و بەریتانیا بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و بەهۆیەوە تەنیا لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا 212 کەس لە ئیسپانیا و 48 کەسیش لە فەڕەنسا گیانیان لەدەستدا، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئەورووپا زیاتر لە دوو هەزار و 300 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.

ئاستی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما

نوێترین زانیارییەکان لەبارەی یەکەم شەپۆلی گەرمای ئەم وەرزە ئاشکرای دەکەن، پلەکانی گەرما لە ئیسپانیا و فەڕەنسا گەیشتوونەتە 45 پلەی سیلیزی، لە کاتێکدا لەسەر شەقام و ناوچە قەرەباڵغەکان تاوەکو 50 پلەی سیلیزی تۆمارکراون، ئەم پلانە بەهۆی بەرزیی ڕادەی شێ و نائامادەیی و نەبوونی فێنککەرەوەوە بۆ ئەو وڵاتانە بەرزن و زۆرجار بە تەمەنەکان لەم پلە بەرزانەدا گیان لەدەست دەدەن.

دۆخی نالەباری ئیسپانیا لەم شەپۆلەدا

زانکۆی کارلۆسی سێیەم لە مەدرید لەبارەی ئاماری قوربانیانی ئیسپانیاوە ڕایگەیاند، لەناو وڵاتانی ئەورووپا، ئیسپانیا زۆرترین زیانی پێگەیشتووە؛ سیستمی چاودێریکردنی گیانلەدەستدان لەو زانکۆیە لەنێوان ڕۆژانی یەکشەممە بۆ چوارشەممەدا 212 حاڵەتی گیانلەدەستدانی تۆمارکردووە، کە زۆرترین حاڵەتیان ڕۆژی چوارشەممە تۆمارکراون و گیانلەدەستدانی 95 کەسی بەدواوە بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە بەهۆی گەرماوە لە ئیسپانیا هەزاران حاڵەتی گیانلەدەستدان ڕوودەدات.

ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا لەبارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانەوە ڕایگەیاند، لەنێوان 16ـی ئایار تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2025، سێ هەزار و 832 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە لە سەرتاسەری ئیسپانیا تۆمارکراون، ئەمساڵish تەنیا لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس بەهۆی هۆکارەکانی پەیوەست بە گەرماوە لە سەرانسەری 12 شاری گەورەی ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی قوربانییەکان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوە بووە.

کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلی گەرماکە

ڕێکخراوی کەشناسیی ئەورووپا 'کوپەرنیکۆس' لەبارەی ماوەی کاریگەریی شەپۆلەکەوە ڕایگەیاند، شەپۆلی گەرما کە لە سەرەتای هەفتەوە کاریگەری لەسەر ناوچەیەکی زۆری ئەورووپا هەبووە، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئیسپانیا کۆتاییهاتووە.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا