ڕێککەوتنى هەولێر و بەغداد لەسەر ئەسیکۆدا بکرێت بەهاى دینار بەرزدەبێتەوە

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهای دینار ناجێگیرە. فۆتۆ: کەناڵ8
بەهای دینار ناجێگیرە. فۆتۆ: کەناڵ8

بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و بەهاى 100 دۆلار لە خانەى 157 هەزار دیناردایە و بەشێک لە هاونیشتمانییان دوودڵن بەرامبەر بەهاى دینارى عێراقى و لەهەفتەى ڕابردوو چوونەتە بازاڕەکانى دراو دینارەکانیان کردووە بە دۆلار، بەڵام شارەزایانى بازاڕى دراو دەڵێن," پێشبینى دەکەن لەم هەفتەیەدا بەهاى دینار بەرزبوونەوە تۆمار بکات".

دەنگۆی گۆڕینی بەهای دینار

جەبار گۆران، گوتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" ناجێگیرى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەهۆى هەندێک دەنگۆوە بووە کە ناڕاست بووە بەتایبەت باسکردن لەسەر گۆڕینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق، کە بانکى ناوەندی ئەوەى بە فەرمى ڕەتکردووەتەوە".

کاریگەریی سیستمی ئەسیکۆدا

ڕاشیگەیاند", حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا لە گفتوگۆکان ڕێککەوتن بکرێت بەهاى دینار بەرزبوونەوە تۆمار دەکات، چونکە %85ـى ئەو دۆلارەى لەبازاڕدا خواستى لەسەرە بازرگانان و %15کەى دیکەى هاونیشتمانییانن".

بە وریایی مامەڵەکردن لەگەڵ بەهای دۆلار

بە بۆچوونی گوتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانى، هاونیشتمانییان دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەهاى دۆلاردا بکەن، چونکە لەئێستادا بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە. گوتیشى" پێشبینى دەکەن لەم هەفتەیەدا بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوە تۆمار بکات و لەداهاتوودا کە ڕێککەوتن لەسەر ئەسیکۆدا کرا بگاتە خانەى 150 هەزار دینار و خوارتریش".

ڕێژەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە عێراق

باسى لەوەشکرد، بازرگانانى هەرێمى کوردستان لەسەدا %20ـى کۆى بازرگانانى عێراق پێکدەهێنن کە تاوەکو ئێستا بەشێکى کەمیان دۆلار لە بانکى ناوەندیی بە نرخى فەرمى وەردەگرن، ئەوى دیکەى لەبازاڕدا بە نرخى ڕۆژ دەیکڕێت و حەواڵەى دەکات تاوەکو کاڵا هاوردەى هەرێمى کوردستان بکات، بەڵام کە بازرگانان چوونە نێو ئەسیکۆدا بە نرخى فەرمى دۆلار لە بانکى ناوەندى دەکڕن و ئەو خواستە زۆرە لەسەر دۆلار نامێنێت، ئەوکات بەهاى دینار بەرزبوونەوە تۆمار دەکات.

ئەوەشى دووپاتکردەوە، سەردانى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ناوەڕاستى مانگى داهاتوو بۆ واشنتن ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر بەرزبوونەوەى بەهاى دینار دەبێت، چونکە ئەمریکا پاڵپشتى ئابووریى عێراق دەکات.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا