بێگەرد تاڵەبانى: بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە بە 1 ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان

جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە کردووە و وەزارەتی کشتوکاڵیش بەرهەمی ئەمساڵ بە 1 ملیۆن تۆن دەخەمڵێنێت. سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەی گشتی، بارانی زۆر زیانی بە بەرهەمی هەندێک ناوچە گەیاندووە، لە کاتێکدا هەناردەکردنی پەتاتەی خۆماڵی بۆ وڵاتانی کەنداو و ناوڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە.

خەمڵاندنی بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە

لە هەرێمی کوردستان لە زۆربەی ناوچەکان بەرهەمی پەتاتە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کۆدەکەنەوە و بەهۆی دابارینی بارانیشەوە باس لە کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەکەن، هەرچەندە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، بەرهەمی ئەمساڵ بە 1 ملیۆن تۆن پەتاتە دەخەمڵێنرێت.

مێژووی گەشەکردنی بەرهەمی پەتاتە

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئامارەکانی بەرهەمهێنانی پەتاتەوە ڕایگەیاند لە ساڵی 2008 تەنیا 800 تۆن بەرهەمی پەتاتە هەبووە و لە ساڵی 2019 پاش 11 ساڵ بەرهەمی پەتاتە گەیشتووەتە 119 هەزار تۆن.

ئاسایشی خۆراک و گەشەی پیشەسازی

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵەوە خستییەڕوو، لە ساڵی 2020 هەنگاو بە هەنگاو بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان زیاد کراوە و ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە بە 1 ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت، ئەمەشی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی پیشەسازیی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا وەسف کرد.

ڕێککەوتنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ بەغداد

وەزیری کشتوکاڵ لەبارەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییەوە ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نوێی ڕۆژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد، کە ئامانج لێی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و قەدەغەکردنی هاوردەکردنە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا.

هەماهەنگی لەگەڵ هۆڵەندا و کەرتی کشتوکاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا هەبووە بۆ زیادکردنی بەرهەمی پەتاتە بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە بێگەرد تاڵەبانی وەک وەزیری کشتوکاڵ زۆر گرنگی بە زیادکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان داوە و لەنێویاندا بەرهەمی پەتاتە و ساغکردنەوەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوەش بە گوتەی ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ.

پێداویستیی ناوخۆ و هەناردەکردن

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵی ڕابردوو 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە هەبووە لە هەرێمی کوردستان و پێداویستیی ناوخۆش ساڵانە 300 بۆ 350 هەزار تۆن پەتاتەیە، ئەوی دیکەی ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.

ئاماری هەناردەی پەتاتە بۆ کەنداو

سابیر عەزیز، خاوەنی کۆمپانیای ئاورا بۆ بازرگانیی پەتاتە لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمەکەیانەوە بە کەناڵ8ی گوت، "ساڵی ڕابردوو 13 هەزار تۆن پەتاتەمان هەناردەکردووە، کە 10 هەزار تۆنی بۆ وڵاتی ئیمارات و 3 هەزار تۆنیش بۆ سعودیە بووە و پلانمان هەیە بۆ ئەمساڵیش پەتاتە هەناردەی وڵاتان بکەین، کە خواستێکی زۆری لەسەرە".

ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی پەتاتە

خاوەنی کۆمپانیای ئاورا بۆ بازرگانیی پەتاتە لەبارەی شێوازی گواستنەوەی پەتاتەکەوە ڕایگەیاند، هەناردەکردنی پەتاتە لەڕێگەی وشکانییەوە و دەروازەی عەرعەر بۆ سعودیە هەناردە کرا و بۆ وڵاتی ئیماراتیش لەڕێگەی دەریاوە هەناردە کراوە.

خەمڵاندنی بەرهەم لە هەر دۆنمێکدا

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەر دۆنمێک زەوی تۆنێک تاوەکو 8 تۆن بەرهەمی پەتاتە کۆدەکرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ناوچەکان و کەشوهەوا و گرنگیپێدانی جووتیارەکان بە بەرهەمەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

زیانەکانی باران لە پارێزگای دهۆک

وەلی عەبدولڕەحمان هۆمەری، جووتیار لە پارێزگای دهۆک لەبارەی زیانەکانی کەشوهەواوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، دابارینی بارانی زۆر لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان زیانی لە بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵ داوە و لە 1 دۆنم زەوی 800 کیلۆ پەتاتەیان هەڵگرتووە و کۆیانکردووەتەوە.

جۆرەکانی پەتاتە لە دهۆک

ئەو جووتیارەی دهۆک لەبارەی جۆری بەرهەمەکانیانەوە ڕایگەیاند، چەندین جۆر پەتاتە بەرهەمدەهێنن کە زۆرترینیان بەناوی هەرزۆنە و ڕەشیدەیە و پەتاتەی خۆراکییە و بەرهەمی پەتاتەی ناوزەرد و ناوپێشمان هەبووە.

بەرھەمی تۆوی هۆڵەندی لە ساڵی ڕابردوودا

ناوبراو لەبارەی ئەنجامی چاندنی تۆوی هۆڵەندییەوە باسی لەوەشکرد، پەتاتەی هۆڵەندی کە چەندین جۆری هەیە، ساڵی ڕابردوو لە 11 دۆنم زەوی کە تۆوی پەتاتەی هۆڵەندی تێدا چێندراوە نزیکەی 60 تۆن پەتاتەیان کۆکردووەتەوە، ئەوەش پەیوەندی بە گونجاوی کەشوهەوا و بەپیتیی خاک و خزمەتکردنیەوە هەیە، کە لەکاتی خۆیدا دەرمانی بکەیت، کە مەبەست لێی پێدانی پەینی کیمیاییە.

نرخی کڕینەوەی پەتاتە لەلایەن کارگەکانەوە

جووتیارەکەی دهۆک لەبارەی نرخی فرۆشتنی پەتاتەوە باسی لەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ کارگەکانی فینگەر و جیپس بۆ هەر تۆنێک پەتاتە نرخەکەیان بۆ دیاری کردوون کە 450 هەزار دینار دەدەنە جووتیاران.

کەمبوونەوەی بەرهەم لە پێنجوێن

هەروەها ئارام موڵکی، جووتیاری چاندنی پەتاتە لە پێنجوێن، لەبارەی دۆخی بەرهەمی ئەمساڵەوە بە کەناڵ8ی گوت، "ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە باش نییە و بەرهەممان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر دەبێت، چونکە بەهۆی دابارینی زۆر جووتیار فریاای پەینی کیمیایی نەکەوت و تۆوی پەتاتەکان تێکچوون و بەو هۆیەوە بەرهەم کەمدەکات".

جیاوازیی بەرهەمی شارەزوور و پێنجوێن

ئەو جووتیارەی پێنجوێن لەبارەی ئاستی بەرهەمی ناوچەکانەوە ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە شارەزوور لە هەر دۆنمێک زەوی کە بە تۆوی پەتاتە چێندراوە 3 تۆن بەرهەمی دەبێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە هەر دۆنمێک 7 بۆ 10 تۆن بەرهەممان هەبووە، هەروەها ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی پێنجوێن تازە پەتاتە گوڵی کردووە و بەرهەمی پەتاتە لە پێنجوێن وەرزی پایز پێدەگات.

ناونیشانی جۆرە هۆڵەندییەکانی پەتاتە

ناوبراو لەبارەی جۆری تۆوەکانەوە باسی لەوەشکرد، تۆوی پەتاتەکان هەمووی تۆوی پەتاتەی هۆڵەندییە و بە ناوەکانی ڕۆزیتا، ئەگریا، باسانیا و جۆرجیا، کە هەموو ناوەکان هۆڵەندین و دەیان جۆر و ناوی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان دەچێندرێت، کە هەم پەتاتەی خۆراکین و هەمیش پەتاتەی پیشەسازین کە دەکرێنە جیپس و فینگەر.

توانای کارگەکانی پیشەسازیی پەتاتە

لە هەرێمی کوردستان 7 کارگەی جیپس و فینگەر هەیە و توانای کارگەکان لەنێوان 10 تاوەکو 20 تۆنی ڕۆژانەیە تاوەکو بکرێتە فینگەر و جیپس، کە بەشێکی لە ناوخۆ و بەشێکی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە دەکرێت.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا