ژمارەی پشیلەی سەر شەقام لە ئوسترالیا ڕێکخراوەکانی هێناوەتە سەرخەت
زیادبوونی پشیلەی سەر شەقام لە ئوسترالیا گرووپەکانی ڕزگارکردنی ئاژەڵانی لەو وڵاتە هێناوەتە سەرخەت، شێڵتەری ئاژەڵانیش توانای لەخۆگرتنی هیچ پشیلەیەکی دیکەی نەماوە.
داواکاری بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان
دۆخەکە بە جۆرێک ئاڵۆز بووە، ئەم گرووپانە داوای پاڵپشتی لە حکومەتی وڵات دەکەن و ڕەنگە یاسای پەیوەست بە پشیلەکانی سەر شەقام لەم وڵاتە هەموار بکرێتەوە.
قەیرانی نەمانی جێگە لە شێڵتەرەکاندا
پیت سمیس، کارمەند لە شێڵتەری ئاژەڵان لەبارەی نەماونی توانای لەخۆگرتنی پشیلەکانەوە ڕایگەیاند، "لە قەیرانداین، هیچ جێگەیەکمان نەماوە پشیلەکان لە شێڵتەرەکان بهێڵینەوە و هاریکارییان بکەین".
ئاماری پشیلەکانی سەر شەقام
لە سراپای ئوسترالیا، نزیکەی 700 هەزار پشیلەی سەر شەقام هەیە، بەگوێرەی ئەنجوومەنێکی تایبەتمەند بە ئاژەڵان، لە ناوچە هەرێمییەکان هەندێکجار ئەم ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 1 ملیۆن و 400 هەزار پشیلە ئەمە ئەگەر کەشەکە وشک بێت و بەگوێرەی گۆڕانی کەشوهەواش ژمارەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
مەترسی لەسەر ئاژەڵە کێوییەکان
بەگوێرەی گرووپە تایبەتمەندەکان بێت، زیادبوونی ئەم ژمارەیە مەترسییە لەسەر ژیانی ئاژەڵە کێوییەکانیش.
مەترسیی لیکی ژەهراوی
کێری واڵکەر، ڕزگارکەری ئاژەڵی کێوی لەبارەی مەترسیی پشیلەکانەوە ڕایگەیاند، "مەترسیی ئەم پشیلانە لەوەدایە کە هێرش بکەن لیکی ژەهراوییان هەیە لەسەر دەست و دانیان، زۆربەی جارەکانیش ئەم لیکە کوشندەیە".
یاسای ئێستای ویلایەتی نیو ساوس وێڵز
بەگوێرەی ئەو یاسایەی ئێستا لە نیو وەیڵز پەیڕەودەکرێت، پشیلەکان ڕێگەیان پێدەدرێت بە ئازادانە بسوڕێنەوە، هەر ئەمەش وای کردووە ژمارەیان لە شەقامەکانی ئەم ویلایەتەی ئوسترالیا زیاد بکات و نیگەرانیی بە دوای خۆیدا بهێنێت.
پڕۆژەیاسای نەزۆککردن و بودجەکەی
پڕۆژەیاسایەکیش هەر ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەم کێشەیە پێشکەش بە پەرلەمانی ئوسترالیا کرا تێیدا پێشنیازی پرۆسەیەکی نەزۆککردن کراوە کە نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان بکرێت و لە چەند مانگی داهاتوو پێشبینی دەکرێت بڕیارەکە دەربچێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا