
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە پاڵپشتیی 7 هامەری سەربازی، عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقیان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکرد؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەربڵاو دێت کە بەرپرس و پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان دەکاتە ئامانج.
لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی بەرپرس و پەرلەمانتارانی عێراق لەسەر دۆسیەی گەندەڵی، بە 7 هامەری سەربازی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەستگیرکرا.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، بە 7 هامەری سەربازی و هێزێکی سەربازی هەستاون بە دەستگیرکردنی داواکراو عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن. بە گوێرەی دژەتیرۆری عێراق، ئەمڕۆ فەرمانەکە جێبەجێ کراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە دەستیپێکرد کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، ئاژانسی فەرمیی عێراقیش لەبارەی پشتبەستنی هەڵمەتەکەوە بڵاویکردەوە، ئەوانەی دەستگیرکراون لە چوارچێوەی دانپێدانانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بووە، کە پێشتر دەستگیرکراوە و دانی بەو تۆمەتانەدا ناوە کە ئاراستەی کرابوون.