
هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ڕێگرتن لە حاڵەتەکانی تاوانکاری بە هاوبەشی، مەفرەزەی 24 کاتژمێری لەسەر شەقامی 100 مەتری جێگیر دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی هۆکاری جێگیرکردنی مەفرەزەکانەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا چەند سەرپێچییەک لەسەر شەقامی 100 مەتری ڕوویانداوە و لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان، مەفرەزەکانی هاتوچۆی سلێمانی، مەفرەزەی پۆلیس، بەرگری و فریاکەوتن و ئاسایشی سلێمانی بە هاوبەشی 24 کاتژمێر لە ئەرکدا دەبن و مەفرەزەی جێگیریان دەبێت.
بەهمەن عەبدوڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، مەفرەزەکانیان لەسەر شەقامی 100 مەتری لە ئەرکدا دەبن بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە سەرپێچیی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکات بەتایبەت ئەنجامدەرانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل.
هاوکات، کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی مەفرەزەکانی دیکە لەناو هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدا دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە زیان بە ئەمن و ئاسایشی شاری سلێمانی بگەیەنێت.
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، مەفرەزەکانیان کاتژمێر 8ـی بەیانی تاوەکو 7ـی ئێوارە ئەرکدار دەبن بۆ نەهێشتنی کردەوەی تاوانکاری و کۆنتڕۆڵکردنی ڕووداوی تاوانکاری.


.jpg)