
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، ڕۆژی 2ی تەمموز ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ واژۆ دەکرێت، شاسوار عەبدولواحیدیش ئاشکرایکرد، هاوپەیمانێتییەکە ناونراوە هاوپەیمانی هاوسەنگی و بووژانەوە.
سالار لالە سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی ڕێککەوتنەکە بەکەناڵ8 ڕاگەیاند، ڕێککەوتنەکە ڕۆژی 2ی تەمموز، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی واژۆ دەکرێت.
هاوکات شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی ناوناوە، هاوپەیمانی هاوسەنگی و بووژانەوە.
ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، ئەم دوو هێزە بڕیاریانداوە، پێکەوە ڕێڕەوی حکومڕانی ڕاستبکەنەوە و دەڵێن، خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کوردستانین.
لە ڕۆژی 1ی حوزەیران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، خاوەنی 39 کورسین و داوای %50 پۆستەکانی حکومەت دەکەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ئەوان کورسییان لە پارتی زیاترە بۆیە دەبێت سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوان بێت.