
هەڵمەتی "بەرەبەیان" بۆ ڕاوکردنی تێوەگلاوان لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستا سەدان ملیار دینار و دەیان موڵک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، تاوەکو ئێستا بڕی 219,000,000,000 دیناری عێراقی و 85,000,000 دۆلاری ئەمریکی بەشێوەی کاش دەستی بەسەرداگیراوە. جگە لەوەش، دەیان موڵکی بازرگانی و نیشتەجێبوون، دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر لە زێڕ و خشڵ لە حەشارگەی بەرپرساندا دۆزراونەتەوە.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، زۆرترین بڕی پارەی لێ وەرگیراوەتەوە کە پێکهاتووە لە 98,000,000,000 دینار، 11,000,000 دۆلار، 70 موڵک، 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ و 3 کیلۆگرام زێڕ. هاوکات عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، دەست بەسەر 11,000,000 دۆلار، 4,000,000,000 دینار، 3 ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕیدا گیراوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، دەست بەسەر سامانی عالیە نسەیف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەراندا گیراوە کە پێکهاتووە لە 20,000,000,000 دینار، 15.5,000,000 دۆلار، بڕێکی زۆر زێڕ و کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئەسپ. هەروەها عەلا سەمیر جبووری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست، بڕی 76,000,000,000 دینار و چەندین ماڵ و موڵکی لێ وەرگیراوەتەوە.
دادگای عێراق سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ ئوسامە حوسام جەودەت و هاوسەرەکەی دەرکردووە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە. دەست بەسەر 10 موڵکیدا گیراوە لە بەغداد و 12 موڵک لە وڵاتی تورکیا کە بەناوی هاوسەرەکەیەوە بوون. جگە لە دەستبەسەرداگرتنی پارەکانی لە بانکەکانی تورکیا و کوەیت، بڕی 32,000,000,000 دیناریش وەک پێبژاردن سزای دراوە.
دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە ڕەسافە ڕایگەیاند، توانیویانە بڕی 19,000,000,000 دینار بۆ گەنجینەی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بگەڕێننەوە. هاوکات لە بازگەیەکی نێوان سەڵاحەدین و دیالە، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پڕاکتیکدا، دەست بەسەر 4,000,000 دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە کە هەوڵی قاچاخبردنی دراوە.
کۆی پارەی کاش: 219 ملیار دینار و 85 ملیۆن دۆلار.
عەدنان جومەیلی: 98 ملیار دینار، 11 ملیۆن دۆلار و 70 موڵک.
عەلا سەمیر جبووری: 76 ملیار دینار و چەندین موڵک.
عالیە نسەیف: 20 ملیار دینار و 15.5 ملیۆن دۆلار.
عەلی مەعارج: 11 ملیۆن دۆلار و 4 ملیار دینار.
ئوسامە حوسام: 10 موڵک لە بەغداد، 12 موڵک لە تورکیا و 32 ملیار دینار پێبژاردن.