ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیمۆکرات گەیشتە 1307 کەس
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، سەدان کەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەسداوە.
لە دوایین ڕاگەیەنراودا، حکومەتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 1307 کەس تووشی ڤایرۆسی ئیبۆلا بوون و 377 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە
ئیبۆلا یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی دەبێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، ئەمەش دواتر دەبێتەهۆی پەککەوتنی ئەندامە گرنگەکانی جەستە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، گیانلەدەستدانی تووشبووانی لێدەکەوێتەوە.
کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ڕاگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم بڵاوبوونەوە زۆرەی نەخۆشییەکە بۆ پرسەی قوربانییان دەگەڕێتەوە، چونکە تیایاندا هەموو ئەو کەسانە کۆدەبنەوە کە لەگەڵ قوربانییەکان بەرکەوتنیان هەبووە و لەگەڵ کەسانی دیکە تێکەڵ دەبن، بە گشتیش لە کۆنگۆ پڕۆسەی پرسە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی ئامێر و چارەسەری پێویست گرفتێکی گەورەی بۆ تووشبووان و وڵاتەکە دروستکردووە.
لە ئێستادا حکومەتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، کۆبوونەوە گشتییەکانی لە چوار پارێزگا قەدەغەکردووە، یەکێک لەو پارێزگایانەش بریتییەلە پایتەختی وڵاتەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، حاڵەتێکی تووشبوون بە ئیبۆلا لە فەڕەنسا تۆمارکرا کە پزیشکێک بوو پاش ماوەیەک لە خزمەتکردن لە کۆنگۆوە گەڕایەوە فەڕەنسا، دوای ئەوەی پشکنینی بۆ کرا، دەرکەوت تووشی ڤایرۆسەکە بووە، هەربۆیە دەستبەجێ کەرەنتین کرا و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدرا.
لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم، باسی لەوە کردووە کە پێویست ناکات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە فەڕەنسا و وڵاتە ئەوروپییەکان بترسین و ئەگەری ئەو بڵاوبوونەوەیە زۆر کەمە.
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆوە دەگوازرێتەوە و بە هەوا بڵاونابێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا