شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ چوونی کۆچبەران بۆ بەريتانيا کەميکردووە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەريتانيا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بەڕێژەی %41 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو کەميکردووە.

ئاماری کۆچی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەريتانيا، نزیکەی 11 هەزار و 884 کۆچبەر لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و حوزەیراندا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا 19 هەزار و 982 کۆچبەر چوونەتە بەريتانيا.

لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024يشدا 13 هەزار و 489 کۆچبەر چوونەتە بەريتانيا، بەو پێيەش ڕێژەکەی ئەمساڵ بەراورد بەو کاتە %12 کەميکردووە.

پارتی کرێکاران دڵخۆش بە داتاکان

ئەم داتا نوێيانە، دڵخۆشکەرن بۆ پارتی کرێکاران، لەکاتێکدا لە هەوڵی ئەوەدايە پشتگيری جەماوەری بەدەستبهێنێتەوە ئەوەش لەدوای ئەو شکستەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆييەکاندا تووشی بوو.

شوینگرەوەی کییەر ستارمەر

هەر بەهۆی ئەو شکستەشەوە ڕۆژی 22ی حوزەيران دوای لەدەستدانی متمانەی پەرلەمان، کييەر ستارمەر سەرۆکوەزيران دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەيدا ڕاگەياند و پێشبينی دەکرێت لە کۆتای ئەم مانگەدا ئاندی بێرنهام پەرلەمانتار و سياسەتمەداری وڵاتەکە شوێنی بگرێتەوە.

واژۆکردنی گرێبەستی کەمکردنەوەی کۆچبەران

حکومەتی بەريتانيا بە سەرۆکايەتی پارتی کرێکاران چەندین گرێبەستی لەگەڵ وڵاتانی دیکە واژۆ کردووە کە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرە نائاساییانەی کە بە بەلەمی بچوک دەگەنە ئەو وڵاتە.

لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستێکی سێ ساڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بۆ پێدانی 662 ملیۆن پاوەند، واتە 879 ملیۆن دۆلار، بۆ زيادکردنی دەوریەی کەناراوەکان بەمەبەستی ڕێگريکردن لە چوونی کۆچبەران.

لە مانگی تەمموزی 2025 بەریتانیا ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ کرد کە تیایدا بەرلین پابەند بوو بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنانەی کە قاچاخچییەکان بۆ شاردنەوەی بەلەمە بچوکەکان بەکاریان دەهێنا.

مانگی ئابی هەمان ساڵيش ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق کرد بە ئامانجی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە هیچ مافێکی یاسایییان نییە بۆ ژیانکردن لە بەریتانیا.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا