بۆچی لە ئەوروپا کاریگەریی گەرما زیاترە؟

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهۆی شەپۆلی گەرماوە فەڕەنسييەکان بۆ مەلەکردن ڕوو لە شوێنە قەدەغەکراوەکان دەکەن؛ 55 کەس لەو شوێنانە خنکاون. فۆتۆ: AFP
بەهۆی شەپۆلی گەرماوە فەڕەنسييەکان بۆ مەلەکردن ڕوو لە شوێنە قەدەغەکراوەکان دەکەن؛ 55 کەس لەو شوێنانە خنکاون. فۆتۆ: AFP

ئێستا وڵاتە ئەوروپییەکان بەدەست گەرمای زۆرەوە دەناڵێنن و ئەمەش بووەتەهۆی زیادبوونی ڕێژەی گیانلەدەستدان.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە بەشێکی وڵاتە ئەوروپییەکان گەیشتە 40 پلەی سیلیزی و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی ژیان و تەندروستیی دانیشتووانەکان داناوە.

لێرەدا وەکو هاوڵاتییەکی عێراق، لەوانەیە پێمان سەیر بێت کە بۆچی سەرەڕای ئەوەی ئێـمە زۆر لە مێژە لەم گەرما زۆرەدا دەژین و پلەکانی گەرما زۆر بە ئاسانی دەگەنە سەروو 40 پلەی سیلیزی، بەڵام شێوازی ژیانمان ئاساییە و زۆر بە ئاسانی بەرگەی دەگرین؟

چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەم جیاوازییانە:

  • لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا هەوا شێدارە، ئەمەش وایکردووە کە کاریگەرییەکانی گەرما زۆر زیاتر بێت و خەڵکەکە زیاتر هەست بە گەرما بکەن، واتە ئەگەر بەراوردێکی بکەین لەگەڵ هەوای عێراق، دەکرێت پلەی 40ـی سیلیزی لە عێراق هاوتای پلەی گەرمیی 32ـی سیلیزی لە ئەوروپا بێت و هەست بە هەمان گەرمی بکرێت، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەگەر هەوا شێداربێت، ئارەق بە ئاسانی بە هەڵم نابێت و زیاتر هەست بە گەرما دەکرێت.
  • بەهۆی زستانی زۆر سارد و هاوینی فێنکەوە، شێوازی بیناسازی لە ئەوروپا جیاوازە، واتە باڵەخانە و ماڵەکان بە جۆرێک دروستکراون کە گەرمی تیایاندا کۆببێتەوە، ئەمەش بۆئەوەی لە سەرمای زۆری زستانان بە دوور بن، بەهۆی نەبوونی هاوینی گەرمیشەوە پێویستیان بە سیستمەکانی فێنککردنەوە نەبووە پێشتر و ئێستا لە ماڵەکانیاندا فێنککەرەوە نییە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە ئەوانیش لەم گەرما زۆرە بێبەش نین.
  • لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکەکەی بەو گەرمایە ڕانەهاتوون و جەستەشیان پێویستی بەوەیە ماوەیەک بەرکەوتنی لەگەڵ گەرمای زۆر هەبێت بۆئەوەی خۆیان بگونجێنن، دانیشتووانی وڵاتە گەرمەکان بەهۆی ئەوەی جەستەیان بەم کەشوهەوایە ڕاهاتووە، زیاتر ئارەق دەکەنەوە، زووتر ئارەق دەکەنەوە، کەمتر خوێیەکان لە ئارەقەکەیاندا دەچێتە دەرەوە و لێدانی دڵیشیان جێگیرترە، هەربۆیە زۆر بە باشتر بەرگەی گەرما دەگرن، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە پڕ کەسێک بکەوێتە گەرمییەکی لەم شێوازەوە، جەستە ناتوانێت دەستبەجێ خۆی بگونجێنێت و زووتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی گەرمای لەسەر دەردەکەوێت.

لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا، مردنی 1300 کەس پەیوەست کراوە بە گەرماوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە گەرما ڕاستەوخۆ ئەم کەسانەی نەکوشتووە، بەڵکو ڕۆڵی هەبووە لە مردنیاندا.

بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی ئەوروپا گەورەساڵانن، مردن بەهۆی گەرما تیایاندا زۆرە، چونکە گەورەساڵان کەمتر ئارەق دەکەنەوە، زۆرینەیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و کەمتریش هەست بە گەرما دەکەن.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا