بۆ 250 هەلی دامەزراندن لە هەڵەبجە زیاد لە نۆ هەزار فۆڕم پڕکراوەتەوە

مۆنۆمێنتى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە
مۆنۆمێنتى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە

ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتیى ڕاپۆرتێکی شیکارى لەسەر قۆناغى یەکەمى دامەزراندنى 250 کەس لە سەر میلاکى گرێبەستى پارێزگاى هەڵەبجە بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاد لە نۆ هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و ڕکابەری دەکەن بۆ ئەو 250 هەلەی دامەزراندن.

9000 فۆڕم تۆمارکراوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواى کۆتاییهاتنى قۆناغى پڕکردنەوەى فۆڕمى داواکاریی دامەزراندن،  نۆ هەزار و شەش فۆڕمى ئەلیکترۆنیی لەلایەن ئەنجوومەنی ڕاژەوە تۆمارکراوە و کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئەو 250 پۆستەی بە گرێبەست لە هەڵەبجە دادەمەزرێن.

250 پۆست لەسەر 32 پسپۆڕى

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو 250 پۆستە لەسەر 32 پسپۆڕی جیاوازە و لەسەر میلاکى گرێبەستى فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێمی کوردستانە لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە.

لەکوێ ئەنجامەکان بڵاودەکرێتەوە؟

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، ڕاشیانگەیاندووە، کارکردن لە سەر ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگیى لەگەڵ پارێزگاى هەڵەبجە بەردەوامى هەیە و ئەنجامى قۆناغەکانى دیکەى پڕۆسەکە لە سایتى فەرمیى ئەنجوومەنى ڕاژەی گشتیى بڵاو دەکرێتەوە.