
دوای زیاتر لە 4 مانگ بێدەنگی، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی دەرکەوتەوە و بووە جێی سەرنجی میدیاکان. وەحیدی لە یەکەم دەرکەوتنیدا پەیامێکی تووندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و جەختی لە بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەکانیان کردەوە.
ئەحمەد وەحیدی دوای زیاتر لە چوار مانگ وێنەکەی لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە، کە باوەشی بە تابوتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی وڵاتەکەیدا کردبوو، لە زۆربەی میدیاکانەوە ئەو وێنەیە بڵاوکرایەوە و کەناڵ8_یش وەک تایبەتمەندیی ڕووماڵە خێرا و زیندووەکانی خۆی، وێنەکەی بە خێرایی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا بڵاوکردەوە و بینەر و خوێنەر و بیسەری خۆی لە دوای زیاتر لە چوار مانگ لە حاڵەتێک ئاگادارکردەوە، کە پێشتر لە میدیا جۆراوجۆرەکانەوە چەندین پرس لەبارەی چارەنووس و ژیانی بەرپرسانی ئێران لە کات و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وروژێنرابوون.

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی یەکەم دەرکەوتنی و پەیامی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئەوان دەبێت بزانن، خوێنی پاکی ئیمامی شەهیدمان دەبێتە خاڵی وەرچەرخانێکی دیکە لە سەرکەوتنەکانی ئیسلامی خۆشەویستمان لە بەرامبەر بەرەی کافرانی جیهان، با بزانن هەرگیز ڕۆژی خۆ بەدەستەوەدانی ئەم میللەتە نابینن".
ڕۆژنامەی هەمشەهریی ئێرانی لەبارەی یەکەم دەرکەوتنی وەحیدییەوە نووسیویەتی، وەحیدی لە کۆبوونەوەیەک بەشداربووە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران و عەلی ڕەزا زاکانی، پارێزگاری تاران ئامادەبوون.
ڕۆژنامەی هەمشەهری لەبارەی چالاکییەکانی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانەوە دەشڵێت، وەحیدی بەشداریشی لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەماهەنگی و ئامادەکارییەکانی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی کردووە.

وەحیدی دوای کوژرانی محەممەد پاکپور، فەرماندەی گشتیی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوبات لەو پۆستە دەستبەکار بووە.
ئەحمەد وەحیدی، ئەندازیاری ئەلیکترۆنییە، پێشووتر پۆستەکانی وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری و جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی هەبووە.