
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا ڕێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بدات و بۆ ئەوەش دەزگای ئاسایشی ئاگادار کردەوە ڕێگری نەکەن، ئەوەش یەکەمجارە بڕیارێکی لەم شێوەیە دەدرێت.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنییەوە ڕایگەیاند، نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر و دەزگای ئاسایش کردووە و داوای کردووە "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی" و چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی سووتەمەنی و کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین، ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لەبارەی کوالێتیی بەنزینەکەوە گوتی، مەرجی ئەوەی داناوە بەنزینەکە بە کوالێتیی وەزارەتەکەی بێت و ئامانجەکەشی ئەوەیە خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە.
پێشتریش لە مانگی ئابی ساڵی 2023 و مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت هەمان بڕیاری دا، بەڵام کاریگەریی لەسەر قەیرانی بەنزین نەبوو.
نزیکەی 1 مانگە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، کەناڵ8 گرنگیی بەم بابەتە داوە و چەند جارێک بەدواداچوونی کرد، بەرپرسانی حکومی ڕایانگەیاند، بابەتەکە کاتییە و چارەسەر دەکرێت، لەبارەی کێشەکەوە عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، پاڵاوگەکانی کار و لاناز مانگانە 80 ملیۆن دۆلار قازانج دەکەن و بە ویستی خۆیان نرخی بەنزین گران دەکەن.