فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق چەند پێگەیەکی داعشیان لە سنووری پردێ بۆردوومان کرد

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لە دووکەڵی بۆردومانکردنی مۆڵگەیەکی داعش لە سنووری پردێ
بەشێک لە دووکەڵی بۆردومانکردنی مۆڵگەیەکی داعش لە سنووری پردێ

فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق چەند پێگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە سنووری شارەدێی پردێ بۆردوومان کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ بێسەروشوێنبوونی جووتیارێکی کورد لە ناوچەکە و دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی. هەروەها دژەتیرۆری عێراق لە ئۆپراسیۆنێکی زەمینیدا لە هەمان سنوور، کوژرانی چەکدارێکی باڵای داعشی ڕاگەیاند.

چڕبوونەوەی بۆردوومانەکان لە دەرماناو و چیاچەرمۆک

پەیامنێرى کەناڵ8 لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ڕایگەیاند، لە بەربەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانى عێراق چەند جارێک لە نزیک گوندەکانی دەرماناو و چیاچەرمۆک لە سنووری شارەدێى پردێ بۆردوومانی چەند پێگەیەکى ڕێکخراوى داعشیان کردووە.

بەئامانجگرتنی چەکداران بە سێ مووشەک

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە ئاماژەى بەوەش کرد، کەمێک لەمەوبەر جارێکى دیکە بە 3 مووشەک بۆردوومانی نێوان ئەو دوو گوندە کراوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە بۆردوومانەکەدا ژمارەیەک چەکداری داعش لە سنوورەکە کراونەتە ئامانج.

بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییەکی کورد

ئێوارەى ڕۆژى هەینیش جووتیارێکى کورد لەو سنوورە دیارنەما و ئۆتۆمبێلەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری پردێ دۆزرایەوە.

دەستپێکردنی کێوماڵکردنی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی جووتیارەکە

بەگوێرەی زانیارییەکانى پۆلیسی کەرکووک، ئێوارەی ڕۆژى هەینی 3ـی تەمموز، جووتیارەکە لە گوندی قەزنەفەر لەسەر ڕێگەی کەرکووک-هەولێر لە سنووری شارەدێی پردێ، بێسەروشوێن بووە، کەسوکارەکەی، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و دەست کراوە بە گەڕان بەدوایدا و بەرەبەیانى ڕۆژى شەممە ئۆتۆمبێلەکەى لە سنووری پردێ دۆزرایەوە.

کوژرانی سەرکردەیەکی داعش لە چەمی خەرابە

بۆردوومانەکە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیێنراوێکى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق سەبارەت بە کوژرانى یەکێک لە ئەندامانى ڕێکخراوى داعش کە گومان دەکرێت بەرپرسیارێتى هەبێت لە ئۆپراسیۆنێکى ئەمنیدا کە لە چەمی خەرابەى نزیک گوندی چیاچەرمۆک لە سنووری شارۆچکەى پردێ ئەنجام درا و لە چوارچێوەى ئەو ئۆپراسیۆنانەیە کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بۆ ڕاوەدوونانی ئەندامانى داعش لە ناوچە سنوورییەکانى کەرکووک و هەولێر و سەڵاحەدین ئەنجامى دەدەن.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا