لە 'هەوڵی تیرۆر'ەوە بۆ 'زیندان'؛ خورشید هەرکی پێشتر لە کەناڵ8وە چ پەیامێکی ئاراستەی پارتی کردبوو؟

کەناڵ8 05/07/2026

خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی، پەردە لەسەر هەوڵێکی تیرۆرکردنی لادەدات و دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تێوەگلان و بێهەڵوێستی لە بەرامبەر ئەو مەترسییانە تۆمەتبار دەکات.

وردەکاریی هەوڵی تیرۆرکردنەکە

خورشید هەرکی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە بەرواری 21ـی 5ـی 2026 بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بۆ ماوەیەک هەستی بە جموجوڵی گوماناوی لە دەوروبەری خۆی کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەم مەترسییەکانی گەیاندووەتە دەزگا ئەمنییەکان و بە تایبەتی بە "بارزان قەساب"، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێری ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ لێپێچینەوە و ڕێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی نەگیراوەتەبەر.

پلانی کوشتن و بەڵێنی دەزگای پاراستن

بە گوتەی خورشید هەرکی، کەسێکی دەستڕۆیشتوو پلانی کوشتنی داڕشتووە و کەسێکی بۆ ئەنجامدانی تیرۆرەکە ڕاسپاردووە. پلاندانەرەکە بە بکوژەکەی ڕاگەیاندووە کە پاش جێبەجێکردنی کارەکە، دەیباتە ناو "دەزگای پاراستن" و لەوێ بە گەورەترین شێوە پێشوازی لێ دەکرێت و دەپارێزرێت. هەرکی دەڵێت ئەمە بەڵگەیە لەسەر دەستێوەردانی دەزگای پاراستن لەو هەوڵەدا.

دەستگیرکردنی بکوژەکە و ڕادەستکردنی بە یاسا

لەبارەی چۆنیەتی پووچەڵکردنەوەی پلانەکە، خورشید هەرکی ئاشکرای کرد کە خودی خۆی ئەو کەسەی دەستگیر کردووە کە بۆ تیرۆرکردنی ڕاسپێردرابوو. پاشان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کردووە و تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەر دانپێدانانی داوە و ناوی پلاندانەرە سەرەکییەکەشی ئاشکرا کردووە. هەرکی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە پلاندانەرەکە چووەتە بەردەم دادوەر بەڵام بە کەفالەت ئازاد کراوە.

ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی هەولێر لە مەترسییەکان

خورشید هەرکی جەختی کردەوە کە پێشوەختە هۆشداریی توندی داوەتە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر. ناوبراو بە بارزان قەسابی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر لێپێچینەوە نەکەن و ڕووداوێک بێتە پێشەوە، دەبێت بێن تەرم کۆبکەنەوە"، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەکان گومانی لای دروست کردووە.

بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی خێزانی هەرکی

ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵی کوشتنی خورشید هەرکی دەدرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین جار هەوڵی دیکە دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەروەها ئاشکرای کرد کە پلانەکە تەنیا بۆ ئەو نەبووە، بەڵکو بڕیار وابووە دوای کوشتنی ئەو، "حەیدەر"ی برایشی تیرۆر بکرێت.

بێهەڵوێستیی سەرکردایەتیی پارتی

خورشید هەرکی ڕەخنەی توند لە سەرکردایەتی و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، چەندین کەسی ئاگادار کردووەتەوە بەڵام کەسیان هەڵوێستیان نەبووە. ناوبراو پەنجەی تۆمەت بۆ چەند بەرپرسێکی ئێستای ناو پارتی درێژ دەکات و دەڵێت "ناوه‌کانیان لای من پارێزراون و جارێ ئاشکرایان ناکەم"، بەڵام بێدەنگیی پارتی بە نیشانەی ڕەزامەندی لەسەر هەوڵەکان دەبینێت.

خورشید هەرکی و مێژووی کێشەکە لە گردەڕەشە

خورشید هەرکی کەسایەتییەکی دیاری هۆزی هەرکییە. کێشەکانی لەگەڵ پارتی بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک بەهۆی کێشەی زەوی و زار لە گوندی گردەڕەشە، پێکدادانی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی و هێزەکانی پارتی دروست بوو. لەو ڕووداوەدا 2 کەس کوژران و 5 کەس بریندار بوون. هەرچەندە لیژنەیەک بە نێوەندگیری سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەری کێشەکە پێکهێنرا، بەڵام گرژییەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن.

کەناڵ8

05/07/2026