وەزارەتى نەوتی عێراق گرێبەستى بۆ پەرەپێدانی 2 کێڵگەى نەوتى لەگەڵ کۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریکی واژۆکرد

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتى نەوت گرێبەستى بۆ دوو کێڵگەى نەوتى لەگەڵ هالیبرتۆنی ئەمریکی واژۆ کرد
وەزارەتى نەوت گرێبەستى بۆ دوو کێڵگەى نەوتى لەگەڵ هالیبرتۆنی ئەمریکی واژۆ کرد

وەزارەتی نەوتی عێراق بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی "بن عومەر و سەندباد" گرێبەستێکی پێنج ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریکی واژۆ کرد؛ ئامانج لەم هەنگاوە، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گازی سروشتییە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی کابینەی حکومەتی فیدراڵیدا.

واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هالیبێرتۆن

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەردوو کێڵگەی نەوتی بن عومەر و سەندباد، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هالیبێرتۆنی ئەمریکی واژۆ کرد، ئەمەش پاش گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی شیڤرۆن و کەی بی ئاڕی ئەمریکی دێت.

چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە و ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران

وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانەوە ڕایگەیاند، واژۆکردنی گرێبەستی بەڕێوەبردن بۆ کێڵگەکانی "بن عومەر و سەندباد" لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریکی لە چوارچێوەی پلانی حکومەت و ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بووە.

ئامانج و ماوەی گرێبەستەکە

باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئامانجی واژۆکردنی گرێبەستەکەوە ڕایگەیاند، واژۆکردنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و ستراتیجی وەزارەت دێت بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی نەوت و گازی سروشتی و گرێبەستەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە.

پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی بن عومەر

باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی بن عومەرەوە ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج ساڵەدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەی بن عومەر زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بگاتە ڕێژەی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، جگە لە بەرهەمهێنانی 300 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی.

پلانی گەشەپێدانی کێڵگەی سەندباد

باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گەشەپێدانی کێڵگەی سەندبادەوە ڕایگەیاند، لە کێڵگەی سەندباد ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بگاتە 80 بۆ 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها توانای گازی سروشتیی هاوەڵی نەوت لە 240 بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا زیاد دەکرێت.

پاڵپشتیی عێراق بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان

وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەشی دووپاتکردەوە، وەزارەت لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەرەو پێشەوە دەچێت و پاڵپشتییان دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.

مێژووی کارکردنی هالیبێرتۆن لە عێراق

کۆمپانیای هالیبێرتۆن لە ساڵی 2003وە لە عێراق کار دەکات و یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی پەرەپێدانی نەوت و گازی سروشتی.

پێگەی گرێبەستەکە لە کابینەی ئێستادا

ئەم گرێبەستە سێیەم گرێبەستی کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدییە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی شیڤرۆن و هالیبێرتۆن و کەی بی ئار لە بواری نەوت و گازی سروشتیدا.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا