هەرێمی کوردستان و بودجەی 2027؛ داواکارییەکان لە 12.67%ـەوە بۆ 14.1% بەرز دەکرێنەوە
هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پشکی خۆی لە بودجەی داهاتووی عێراق دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی یاسای نوێوە کۆتایی بە کێشە داراییەکانی 12 ساڵی ڕابردوو بهێنێت.
بەرزکردنەوەی پشکی هەرێم
بەگوێرەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکەکەی لە بودجەی گشتیی عێراق لە 12.67% بۆ 14.1% بەرز بکرێتەوە. جگە لەوەش، یەکێکی دیکە لە داواکارییە سەرەکییەکان ناردنی ئەو بڕە بودجەیەیە کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕاگیراوە و وەک شایستەی دارایی کۆنەبووەتەوە.
مووچە و دامەزراندنی فەرمانبەران
هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە بودجەی نوێدا دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران بکرێتەوە، کە بەهۆی بڕانی بودجەوە لە ساڵی 2014ـەوە وەستاوە. هاوکات داواکارییەکان بریتین لە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، کە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراون.
بوژاندنەوەی پڕۆژەکان
دوای 12 ساڵ لە وەستانی زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی جێگیرکردنی پشکی وەبەرهێنان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، پڕۆژە ستراتیژییەکان دەستپێبکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، کەرتی وەبەرهێنانی حکومی لە هەرێمی کوردستان تووشی پاشەکشەی گەورە بووە.
هەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و تێبینی و داتا پێویستەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە کۆکردووەتەوە. بڕیارە ئەم زانیارییانە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجەدا پێشکەشی حکومەتی عێراق و نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێن، بە ئامانجی زامنکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا