تەنها مووچە نا، پشکی بودجەمان دەوێت؛ مەرجە نوێیەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵ

یاد نەوزاد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حکومەتی هەرێم لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە بەغدادی ئاگادارکردووەتەوە
حکومەتی هەرێم لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە بەغدادی ئاگادارکردووەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2027 لە بەغداد دەستپێکردووە و دەیەوێت سەرجەم خەرجییەکانی مووچە و وەبەرهێنان بە یاسا مسۆگەر بکات.

ئامادەکاری بۆ خەرجییەکانی مووچە

وەزارەتی دارایی هەرێم خەریکی ئامادەکردنی لیستی خەرجیی مووچەیە بە پلەبەرزکردنەوەوە، کە لە ساڵی 2016ـەوە بۆ فەرمانبەرانی شارستانی ڕاگیراوە. هەروەها پلانی هەیە ئەو مووچانەی تاوەکو ئێستا لە داهاتی نانەوتی دەدران، کە بڕەکەی 43 ملیار دینارە و بۆ 51,000 مووچەخۆر تەرخانکراوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراقدا جێگیر بکات. بەمەش خەرجیی مانگانەی مووچەی 1,200,000 مووچەخۆر دەگاتە نزیکەی 1 تریلیۆن و 150 ملیار دینار، کە ساڵانە دەکاتە 13 تریلیۆن و 800 ملیار دینار.

داواکاریی پشکی 14.1% لە بودجە

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی هەرێم لە بودجەی 2027 لەسەر بنەمای سەرژمێریی ساڵی 2024 دیاری بکرێت، کە دەکاتە 14.1%ـی کۆی بودجەی عێراق، لە کاتێکدا پێشتر 12.67% بووە. هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەمجارە نەک تەنیا مووچە، بەڵکو پشکی تەواوی بودجە وەربگرێت، کە تەرخانی دارایی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان، وەبەرهێنان، پیترۆ دۆلار و دامەزراندنی نوێ لەخۆ بگرێت. بە گشتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 25 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی سەرجەم خەرجییەکانی.

ڕەخنە لە شێوازی دابەشکاریی بەغداد

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵانی ڕابردوودا نادادی بەرامبەر هەرێم کراوە. کاتێک بەغداد بودجەی 200 تریلیۆن دیناری ئامادە دەکات، سەرەتا خەرجییە سیادییەکان و حاکیمە لادەبات و پاشان پشکی هەرێم دیاری دەکات، کە ئەمە وایکردووە لە ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 پشکی ڕاستەقینەی هەرێم لە 7% تێپەڕ نەکات. بۆ ساڵی 2027، هەرێم جەخت دەکاتەوە کە چونکە نەوت ڕادەستی بەغداد دەکات، دەبێت پشکی تەواوی بودجەکەی بۆ بنێردرێت.

دۆسیەی نەوت و بەرهەمهێنان

سەبارەت بە پرسی نەوت، ڕێککەوتن کراوە کە بڕی 400,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەستی بەغداد بکرێت. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو لە 300,000 بەرمیل تێپەڕ نەکات، چونکە ڕۆژانە 65,000 بەرمیل نەوت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆیی پێویستە و لە ئێستاشدا تەنیا 50,000 بەرمیل نەوت بۆ ئەو مەبەستە گلدەدرێتەوە.

یاد نەوزاد

2 کاتژمێر پێش ئێستا