خورشید هەرکی؛ 7 تۆمەتی قورس ئاڕاستەی کراون و مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی
خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی

دوای دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، پۆلیسی هەولێر کۆمەڵێک تۆمەتی قورسی ئاڕاستە کردوون کە سزاکانیان لە پێبژاردنەوە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات.

تۆمەتی کوشتن و سزای لەسێدارەدان

یەکێک لە قورسترین ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای کراوە، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاونیشتمانییەکە لە ڕووداوەکەی ڕۆژی 8ـی تەمموزی 2025 لە گوندی گردەڕەشە. بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای ئەم تاوانە دەگاتە "لەسێدارەدان"، چونکە چەند بارودۆخێکی تووندکردنی سزا لە دۆسیەکەدا بوونیان هەیە.

سووتاندنی کەلوپەلی سەربازی و زیادەڕۆیی

تۆمەتێکی دیکەی خورشید هەرکی سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە بەپێی ماددەی 342 بڕگەی 1 و 2، سزاکەی لەنێوان زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی"دایە. هەروەها سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی، بەپێی ماددەی 11ـی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018، سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک کە لە 1 ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار و لابردنی زیادەڕۆییەکە لەسەر خەرجیی تۆمەتبار.

تێکدانی ئاسایش و ژێرخانی ئابووری

خورشید هەرکی تۆمەتبارە بە هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی، کە بەپێی ماددەی 212ـی یاسای سزادان سزاکەی بەندکردنە. هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکردن بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شارۆچکەی خەبات، بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 (هەمواری ماددەی 156)، سزاکەی زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی"یە بۆ هەرکەسێک بە ئەنقەست زیان بە ئاسایش و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێم بگەیەنێت.

ڕێگریکردن لە پڕۆژەکانی حکومەت

تۆمەتێکی دیکە کە ڕووبەڕووی هەردوو براکە کراوەتەوە، ڕێگریکردنە لە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم تۆمەتە ماددەی 197 بڕگەی 4ـی یاسای سزادانی عێراقی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، کە سزاکەی زیندانیکردنی کاتییە و لە هەمان کاتدا دەبێت تۆمەتبار قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانە داراییانە بکاتەوە کە بە پڕۆژەکان گەیشتوون.

ئەگەری مانەوەی هەمیشەیی لە زیندان

بەپێی هەڵسەنگاندنە یاساییەکان، خورشید هەرکی و براکەی ئەگەر لە هەندێک لە سزا مادییەکان ڕزگاریان ببێت، بەهۆی تۆمەتی کوشتنی دوو کەس و تێکدانی ژێرخانی ئابووری، بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێننەوە. لەم جۆرە دۆسیانەدا تەنیا لێخۆشبوونی گشتی دەتوانێت ڕزگاریان بکات، ئەویش بەو مەرجەی مافی کەسیی (کەس و کاری کوژراوەکان) نەمابێت، چونکە لێخۆشبوونی گشتی تەنیا مافی گشتی دەگرێتەوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا