
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتی نانەوتی ڕایگەیاند، هەماهەنگی و گونجانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە جێبەجێکردنی یاساکان، دەبێتە هۆی زیادکردنی نانەوتی و فرەجۆرکردنی ئابووریی عێراق.
ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کاریگەریی کێشە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیشیکردەوە، کێشەکانی گەرووی هورمز و کارنامەی سەرۆکوەزیران ڕەنگدانەوەیان لەسەر بودجەی ساڵی 2027 دەبێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەقامگیریی دارایی گوتیشی، "ئەگەر سیستمی دارایی عێراق سەقامگیر بێت و بە لێهاتوویی و هەماهەنگییەکی بەرز کار بکەن، ئاماژەیەک دەبێت بۆ پەرەپێدان و فرەجۆرکردنی ئابووری، جگە لەوەش داهاتەکانی بودجە فرەجۆر دەکات، بەبێ هیچ بۆشاییەک کە لە دەرئەنجامی لێکتێنەگەیشتن دروست دەبێت".
ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکان زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "ئەمەش بیرۆکەیە، ئەگەر گونجانمان هەبێت لە جێبەجێکردنی یاساکان لە نێوان هەرێم و ناوەند دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی نانەوتی، لە هەمان کاتیشدا سەقامگیری زیاد دەکات، فرەجۆرکردنی ئابووریی عێراقیش ئامانجەکەیە".
مەزهەر محەممەد ساڵح لەبارەی فرەجۆرکردنی ئابووریی عێراقەوە باسی ئەوەی کرد، "فرەجۆرکردنی ئابووریی عێراق و بەشداریی کەرتی تایبەت لە بەرهەمی ناوخۆیی، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لە 37%ـەوە بەرز دەکاتەوە بۆ 55%، ئەوەش دەرئەنجامی فرەجۆرکردنی داهاتی نانەوتییە".
ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کاریگەریی گەرووی هورمز و بەرنامەکانی سەرۆکوەزیران لەسەر بودجە گوتی، "بودجەی 2027 ڕەنگدانەوەی دوو شتە، یەکەم لابردنی کێشەکانی گەرووی هورمز، دووەم بەرنامەی سەرۆکوەزیران بەشێوەیەکی سەرەکی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەم بودجەیە، بەتایبەتیش هاوبەشی لە نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەت".