فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق و سووریا کۆبوونەوە

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق و عەمید حەسەن عەبدولغەنی فەرماندەى هێزەکانى سنوورى سووریا کۆبوونەوە
محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق و عەمید حەسەن عەبدولغەنی فەرماندەى هێزەکانى سنوورى سووریا کۆبوونەوە

فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق و سووریا کۆبوونەوە و جەختیان لە کۆنترۆڵکردنى سنوورە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

جەختکردنەوە لە کۆنترۆڵی سنوورە هاوبەشەکان

محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەى هێزەکانى سنوورى سووریا، جەختیان لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان کردووەتەوە.

کۆبوونەوەکە لە سنووری شارۆچکەی سنووریی قائیم بەڕێوەچووە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕاگەیێنراوى کۆبوونەوەکەى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کردووە، لە ناوچەی سنووریی قائیم یەکەمین کۆبوونەوەی سنووریی لە نێوان عێراق و سووریا، بە ئامادەبوونی محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق و عەمید حەسەن عەبدولغەنی فەرماندەى هێزەکانى سنوورى سووریا و شاندێکی یاوەری، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەرە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، ئەنجامدرا.

بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، باس لە میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی سنووری هەردوو وڵات کرا، هەروەها تاوتوێی ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی زانیاریی کرا، بە جۆرێک یارمەتیدەر بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان دەبێت.

جەختکردنەوە لە یەکخستنی هەوڵەکان

فەرماندەی هێزەکانی سنوورى عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەم کۆبوونەوەیە بووەتە بناغەیەک بۆ کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە درێژایی هێڵی سنووریی نێوان هەردوو وڵات.

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا