لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە: وردبینی بۆ دامەزراندنی 9,006 کەس لە هەڵەبجە دەستیپێکرد

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی شاری هەڵەبجە
دیمەنێکی شاری هەڵەبجە

پڕۆسەی خاڵبەندی و جیاکردنەوەی ناوی شایستەکان بۆ پڕکردنەوەی 250 میلاک لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا ئەنجامەکان ڕابگەیێندرێن.

دەستپێکردنی قۆناغی وردبینی و کاتی ڕاگەیاندنی ناوەکان

ئارام شێخ جەمال، سەرپەرشتیاری لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، پڕۆسەی وردبینی و خاڵبەندی بۆ 9,006 کەس دەستیپێکردووە کە فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن لە ماوەی 2 مانگی داهاتوودا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بەگوێرەی پێوەرەکان ناویان بۆ دامەزراندن دەردەچێت.

پێوەرەکانی بڕوانامە و ساڵی دەرچوون

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵا، دامەزراندنەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون 1 خاڵ هەژمار دەکرێت. بۆ بڕوانامەکان خاڵبەندی بەم شێوەیەیە: دکتۆرا 4 خاڵ، ماستەر 3 خاڵ، دیپلۆمی باڵا 2.5 خاڵ، بکالۆریۆس 2 خاڵ و دیپلۆم 1 خاڵ. هەروەها بۆ ئاستی خوێندنی 12ـی ئامادەیی 3 خاڵ، 9ـی بنەڕەتی 2 خاڵ و 6ـی بنەڕەتی 1 خاڵ دیاری کراوە.

خاڵبەندی نمرەی دەرچوون و کەسوکاری شەهیدان

بۆ نمرەی دەرچوونی خوێندکاران، پێوەرەکە بەم شێوەیەیە: (50 بۆ 60) 1 خاڵ، (60 بۆ 70) 2 خاڵ، (70 بۆ 80) 3 خاڵ، (80 بۆ 90) 4 خاڵ و (90 بۆ 100) 5 خاڵ. هاوکات بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان 4 خاڵ هەژمار دەکرێت و بۆ چاوپێکەوتنیش 4 خاڵی دیکە دانراوە.

هەژمارکردنی ئەزموونی خۆبەخشی

پڕۆسەکە خاڵ بۆ کارکردنی خۆبەخشیش دادەنێت، بە جۆرێک 6 مانگ بۆ 1 ساڵ 1 خاڵ، 1 بۆ 2 ساڵ 2 خاڵ، 2 بۆ 3 ساڵ 3 خاڵ، 3 بۆ 4 ساڵ 4 خاڵ و 4 بۆ 5 ساڵ 5 خاڵ هەژمار دەکرێت.

پشکی ڕاژەی سەربازی لە هەڵەبجە

لە کۆی ئەو 250 کەسەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دراوە، 22 کەسیان لە بواری سەربازیدا دەبن. دامەزراندن لە ڕاژەی سەربازیشدا بە هەمان پێوەری خاڵبەندی و ڕەچاوکردنی مەرجە سەربازییەکان دەبێت کە بەسەر داواکاراندا جێبەجێ دەکرێت.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا