
پاش سەپاندنەوەى گەمارۆکانى ئەمریکا بەسەر نەوتى ئێران، 63 ملیۆن بەرمیل نەوتى ئێران لە دەریادا گیریخواردووە، میدیاى ئێرانیش ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە 50 ملیۆن بەرمیل نەوتیان پاش لێکتێگەیشتنەکەى واشنتن و تاران گەیشتووەتە بازاڕەکانى جیهان.
بەگوێرەى ئاژانسى بلومبێرگ و ماڵپەرى ئۆیل پرایس، لە ئێستادا 63 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەناو کەشتییدایە، دووبارە گەمارۆکانى ئەمریکا ڕێگرى دەکات لە تێپەڕبوونى کەشتییە نەوتییەکانى بۆ بازاڕەکانى جیهان.
هەروەها ماڵپەڕى ئۆیل پڕایس کە تایبەتە بە خستنەڕووى بازاڕەکانى نەوت ، ڕایگەیاندووە" ئێران لە ناوەڕاستى مانگى حوزەیران پلانى هەبووە 60 ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو بفرۆشێت، بەڵام پاش لێکتێگەیشتنەکەى ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو تەنیا 50 ملیۆن بەرمیل نەوتى ئێران گەیشتوونەتە بازاڕەکان".
هەروەها میدیاکانى ئێران دەڵێن لەدوای لێکتێگەیشتنى ئێران و ئەمریکا، 50 ملیۆن بەرمیل نەوتى ئێران فرۆشراوە و گەیشتووەتە بازاڕەکانى جیهان.
ئێران پێشتر نەوتى خاوى بە قاچاخ بە چین و وڵاتانى دیکەى ئاسیا فرۆشتووە، بەڵام پاش لێکتێگەیشتنى ئەمریکا و ئێران و لابردنى گەمارۆکان لەسەر فرۆشتنى کەرتى نەوت، ئێران بە ئاشکرا نەوتەکەى لەرێگەى کەشتییەکانەوە بە گەرووى هوورمز بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە کردووە.
لە ناوەڕاستى مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنى ئاشتی نێوان واشنتن و تاران ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە ئێران دراوە ، بەڵام ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشەکانی گەرووی هوورمز دووبارە گەمارۆی کاتی بەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێراندا سەپاندەوە.