وەزیری وزەی تورکیا ڕێککەوتنى نەوتى لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پاڵاوگەیەکەی نەوتی عێراق و وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق
پاڵاوگەیەکەی نەوتی عێراق و وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا گەیشتنی وڵاتەکەی بە دوایین دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی بۆ ماوەی 12 مانگ لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند، کە بەمزووانە واژۆ دەکرێت و بەپێی ڕێککەوتنەکە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە بۆ بەندەرەکانی جیهان بەردەوام دەبێت.

بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت لە بۆریی جەیهانەوە

ئاڵپئارسلان بایراکتار لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە ڕاشیگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە بەردەوام دەبێت و بۆ ئەوەش لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە دوایین دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوت.

ماوەی کارپێکردنی ڕێککەوتننامەکە

وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی ماوە و وادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق بۆ 12 مانگە و ڕۆژانی داهاتوو دەقەکەی بڵاو دەکەنەوە و واژۆی دەکەن.

دانوستانەکانی شاندی عێراق لە ئەنقەرە

سەرەتای ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوە و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێیان تاوتوێ کردبوو.

کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنە کۆنەکەی بەغداد و ئەنقەرە

ئەوەش لە کاتێکدایە 27ـی تەمموز، ڕێککەوتنە درێژخایەنەکەی بەغداد و ئەنقەرە لە بواری نەوت کۆتایی دێت و تورکیا ساڵێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە درێژ ناکاتەوە.

مێژووی واژۆکردنی ڕێککەوتنی پێشوو

ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 و لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە.

داواکارییەکانی تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوت

تورکیا لەبارەی توانای هەناردەکردن و تێچووەکەیەوە داوا دەکات بۆریی کەرکووک-جەیهان بە هەموو توانای خۆی بەکاربهێنرێت کە ملیۆن و نیوێک بەرمیلە، هاوکات داوا دەکات، کرێ و سوودەکانی وڵاتەکەی لە گواستنەوەی نەوتی عێراق زیاتر بکرێت.

هۆکاری واژۆکردنی ڕێککەوتنی کاتی

وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی هۆکاری دیاریکردنی ماوەی ساڵێک بۆ ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوولا لەسەر دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن، بڕیاردرا سەرەتا بۆ ساڵێک ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت و دواتر لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن دانوستانەکان دەست پێبکەن.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا