کەناڵ8 ڕاسپاردەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە
وەزیری دارایی فیدڕاڵی عێراق، پێشنیار دەکات لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و ڕێکخستنی دەروازە سنوورییەکان پێکبهێنرێت، هاوكات دوو پێشنیاری نوێش لەبارەی دابەشکردنی داهاتی گومرگ دەخاتەڕوو.
ناردنی ڕاسپاردە نوێیەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەناڵ8 کەوتوون، فالح سارى، وەزیری دارایی فیدڕاڵی لە ڕێکەوتی 5ی تەممووزی 2026دا، ڕاسپاردەیەکی ئاراستەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە. ئەم ڕاسپاردەیە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، دانپێدانان بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی دابەشکردنی داهاتی گومرگ لەنێوان هەولێر و بەغداد.
پێشنیار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش
ڕاسپاردەکە لە 3 خاڵی سەرەکی پێکدێت؛ لە خاڵی یەکەمدا پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کراوە بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ئەندامێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەرکی ئەم لیژنەیە ئەنجامدانی ڕووپێوی تەواوەتییە بۆ هێڵی سنووریی هەرێم و سەردانیکردنی دەروازە و مەرزە نافەرمییەکان.
ئامانج و ماوەی کارکردنی لیژنەکە
ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ئەم لیژنەیە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی وردە بۆ دیاریکردنی ئەو دەروازانەی کە مەرجەکانی کارکردنیان تێدایە و گونجاون، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو دەروازانەی کە شیاوی کارکردن نین و پێویستە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی سنوورەوە دابخرێن. بەپێی زانیارییەکان، پێویستە لیژنەکە لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بکات تاوەکو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
ڕێکخستنی لێخۆشبوونە گومرگییەکان
لە خاڵی دووەمی ڕاسپاردەکەدا، جەخت لەسەر ئامادەکردنی کۆنووسێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی کراوەتەوە بە مەبەستی دیاریکردنی لێخۆشبوون و رێگەپێدانە گومرگییەکان، بەشێوەیەک کە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا کاری پێبکرێت.
پێشنیارەکان بۆ دابەشکردنی داهاتی گومرگ
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی گومرگی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق 2 پێشنیاری ئاراستەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. پێشنیاری یەکەم بریتییە لە گەڕانەوەی تەواوی داهاتی دەروازەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، لە بەرامبەردا وەزارەت پابەند دەبێت بە تەمویلکردنی پشکی هەرێم بە ڕێژەی 50%ی کۆی داهاتەکان بەشێوەی مانگانە.
کردنەوەی 2 هەژماری بانکی
پێشنیاری دووەمیش بریتییە لە کردنەوەی 2 هەژماری بانکی، کە تێیدا داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕاستەوخۆ بە ڕێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ بەغداد بخرێتەسەر ئەو هەژمارانە، بە جۆرێک کە هەژمارێکیان تایبەت بێت بە حکومەتی فیدڕاڵی و ئەوی تریان بۆ هەرێمی کوردستان بێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا