ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە؛ سزای ئەو کەسانە سووک دەکرێت پارەکانی دەوڵەت دەگەڕێننەوە

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاشکرای دەکات، لەگەڵ سەرۆکوەزیران ڕێککەوتوون لەسەر سووککردن یان لابردنی سزای ئەو کەسانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، بە مەرجی گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت.

دوو لە ئامانجەکانى ئەنجوومەنەکە ئاشکراکران

ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ڕێگەی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و داراییەوە، دوو ئامانجیان هەیە، کە گرێدراون بە یەکترەوە، یەکەمیان سزادانی ئەوانەی گەندەڵی دەکەن، دووەمیش گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و پارانەی لای ئەو کەسانەیە سزادراون.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختلەوە دەکاتەوە، ئەو ئامانجانە بەبێ سووککردنی ڕێکارە یاساییەکان یان ئەو سزایانەی دەردەچن ناگاتە ئەنجام، بەشێوەیەک کە دەستوور و یاسا ڕێگەی پێدەدات.

دۆسیەى دزى سەدە

ئەنجوومەنی دادوەری باس لە نموونەیەک دەکات کە لەو پرسەدا پەیڕەو کراوە، ئەویش دۆسیەى دزی سەدەیە، دەڵێت؛ کورتەی ئەو تاوانە بەمشێوەیە بووە، کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، پێویستە بڕی 5% لە بەهای پڕۆژەکە وەک گرەنتی جێبەجێکردنی دابنێت، کۆمپانیاکە مافی ئەوەی هەیە دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەماوەی پێنج ساڵدا ئەو پارەیە ڕابکێشێتەوە.

گرتنەبەرى ڕێکارەکان لەبەرامبەر نور زوهێر

باسلەوە دەکات، کۆمپانیاکانی بەدواداچوون لە نێویاندا دوو کۆمپانیای سزادراوی نوور زوهێر، ڕێکاری نایاساییان جێبەجێکرد لە ڕاکێشانی پارەی ئەو ئەمانەتانە، بۆیە ڕێکاری یاسایی دژی تێوەگلاوەکان گرتەبەر لە خاوەنی کۆمپانیا و ئەو فەرمانبەرانەی هاوکاریان بوون لە ڕاکێشانی ئەو پارانە.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و سوودانى لەسەر چى ڕێککەوتبوون؟

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای دەکات، لە نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق ڕێککەوتن کرابوو، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەریی تایبەتمەندی لێکۆڵینەوە، تۆمەتباری سەرەکی نوور زوهێر بە کەفالەت ئازاد بکرێت، تاوەکو گرەنتی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بکات کە بە چەند جارێک ڕاکێشراون، لەبەرامبەر سووککردنی سزاکەی.

پارەکە چەندى گەڕێنرایەوە و چەندى ماوە؟

ئەنجوومەنەکە جەختلەوە دەکاتەوە، لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە و کاتی خۆی بڕی 365 ملیار دینار لە کۆی ترلیۆنێک و 618 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هەزار دینار گەڕێنرایەوە، کە ئەمە بەشێکە لەو پارەیەی لە هەژماری بانکی ڕافیدەین ڕاکێشراوە کە بەهاکەی سێ ترلیۆن و 831 ملیار و 370 ملیۆن و 882 هەزار دینارە.

تۆمەتبارى سەرەکى دۆسییەکە ڕایکردووە

ئەنجوومەنی دادوەری دەشڵێت، نوور زوهێر کە تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەکەیە، دوای ئازادبوونی چووەتە دەرەوەی وڵات، بەوهۆیەوە پڕۆسەی گێرانەوەی پارەکان ڕاگیرا و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کراوە و بەوهۆیەوە بەشێوەیەکی نائامادەیی بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، هەروەها دۆسیەیەک ڕێکخراوە بۆ گەڕانەوەی بۆ عێراق.

پارێزەرى نور زوهێر چ داوایەکى بەرزکردووەتەوە

بە گوێرەى ڕاگەیێندراوەکە، دوای دەرچوونی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، پارێزەری ئەو تۆمەتبارە داواکارییەکی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لەو لێبوردنە، لە بەرامبەردا ئامادەیە ئەو پارەیەی لە ئەستۆدایە، بۆیە نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییە، کە ئەو وەزارەتە لایەنی زەرەرمەندە و پێویستە وەزیری دارایی لەوبارەیەوە ڕەزامەندی بدات بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە و سوودمەندبوونی سزادراوەکە لە لێبوردنی گشتی.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى وەڵامى پارێزەرەکەى داوەتەوە

لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەختلەوە کراوەتەوە، تاوەکو ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی، پڕۆسەی گەڕانەوە و سوودمەندبوونی ئەو تۆمەتبارە لە لێبوردنی گشتی هەڵپەسێردراوە.

لێکۆڵینەوە لە مستەفا کازمى

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە، کاتی خۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق دا کراوە، کە مەبەستی (مستەفا کازمی)یە، بەڵام بەهۆی کەمیی بەڵگەکانەوە دۆسیەکەی داخراوە.

دۆسیەى پاڵاوگەکانى باکوور و عەدنان جومەیلى

لەبارەى دۆسیەی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و تۆمەتباری ڕاگیراو عەدنان جومەیلی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ڕاگیراو، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسلەوە دەکات، بە هەمان ڕێکاری سەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر تاوانەکەیان پێش دەرچوونی لێبوردنی گشتی بووبێت و ئەو پارەیەی بردوویانە بیگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی بەر لێبوردنی گشتی دەکەون.

بەڵام ئەگەر تاوانەکە دوای دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی ئەنجامدرابێت، ئەوا ئازادناکرێن و ڕێکاری یاسایی جیاوازیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بۆیە لەئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆ و بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا سەرقاڵی دانانی ڕێگەچارەیەکی گونجاون لەگەڵ دەستوور و یاسادا بگونجێت، لەپێناو بەدیهاتنی سزادانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، لەبەرامبەر سووککردنی سزای ئەو کەسانەی بە ئارەزوومەندانە پارەکان دەگێڕنەوە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا