بەهۆی لافاوەوە 900 ماری ژەهراوی ڕژاونەتە ناو شارێکی چین
لە شاری هەنگژۆ، لە باشووری چین، ئاوی لافاو لەگەڵ خۆیدا میوانێکی ترسناکی هێناوەتە بەردەم دەرگای ماڵەکان.
39 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە
بەگوێرەی میدیای فەرمیی چین، دوای ئەوەی زریانی مەیساک بە ناوچەکەدا تێپەڕی و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 39 کەس، نزیکی 900 مار کە زۆرینەیان ژەهراوین، لە کیڵگەکانی بەخێوکردنی مار هەڵاتوون.
تاوەکو ئێستا ژنێک بەهۆی گەستنی مارێکەوە کە گومان دەکرێت ماری کوبرا بێت گیانی لەدەستداوە و لانیکەم چەندین کەسی دیکەش لەلایەن مارەکانەوە گەستراون.
بڵاوبوونەوەی مارەکان بە ناو ئاوی شەقامەکاندا
ئەو ڤیدیۆیانەی لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە بڵاوکراونەتەوە، مارەکان پیشان دەدەن، بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە و سەریان بە ئاسوودەیی لە ئاوەکە هێناوەتە دەرەوە و گوێ قوڵاخن بۆ هەر گەستنێک.
هۆشداری دراوە بە خەڵک
دەسەڵاتدارانی چین سەرەتا بارودۆخەکەیان بە مەترسیدار نەدەبینی، بەڵام ئێستا هۆشداریان داوە خەڵکەکە لەو میوانە ناوەختانە دووربکەونەوە، هاوکات "مارگر"ی زیاتر دادەمەزرێنن، دژە ژەهری زیاتر دابین دەکەن و کارمەندانی نەخۆشخانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن.
گیانداری دیکەش هەڵاتوون لە قەفەزەکانیان
مارەکان تاکە گیاندار نین کە لە قەفەزەکانیان هەڵاتوون، لافاوەکە بووتە هۆی هەڵاتنی چەندین ئاژەڵی دیکە لە باخچەیەکی ئاژەڵان، ئەوانیش دوو زێبرا، گایەک، سێ ئەسپی بچووک و دوو گوێدرێژن.
باخچەی ئاژەڵانی گوەیگانگ، هاوڵاتیانی ئاگادارکردووەتەوە، هەندێک لە ئاژەڵە هەڵاتووەکان لە کاتی ترسدا لەوانەیە تووڕە بن و داوای کرد لە بینینیان ئاگاداریان بکەنەوە.
بەهۆی لافاوەکەوە سێ شێر خنکاون
بەگوتەی خاوەنی باخچەکە، کارمەندان ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی قەفەزی ئاژەڵە دڕندەکان بە داخراوی بهێڵنەوە کاتێک ئاوی لافاوەکە بەرز بووەتەوە و بەم هۆیەشەوە سێ شێر خنکاون.
بەپێی میدیای ناوخۆی چین، زیاتر لە 16 هەزار بەرازیش لافاو بردوونی و ئامێری قورس بەکارهێنراوە بۆ ڕزگارکردنی هەندێکیان.
شاری هەنگژۆ کە بە 660 ڕووبار دەورەدراوە و نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی هەیە، بە پایتەختی یاسەمین ناسراوە کە بۆ دروستکردنی چا بەکاردێت و بۆ ماوەی 500 ساڵە لەوێ دەچێنرێت.
ناوچەکە ماری تێدا بەخێودەکرێت
بەڵام ناوچەکە تەنیا بە چا بەناوبانگ نییە، لە دەیەکانی ئەم دواییەدا، بووەتە ناوەندێک بۆ بەخێوکردنی مار و زیاتر لە 100 جۆری مار لە ناوچەکەدا تۆمار کراون، خەڵکی ناوچەکە گۆشتی مار بە ژەمێکی بەسوود دادەنێن و نەریتێکی درێژخایەنیان هەیە لە گرتن و خواردنی مار.
4 کاتژمێر پێش ئێستا