
شەقامەکانی بەغداد جارێکی دیکە جموجۆڵی تانک و زرێپۆشەکانیان بەخۆوە بینی و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دژەتیرۆر و دەستەی دەستپاکی، یەکێک لە گەورەترین تۆمەتبارانی گەندەڵی دەستگیرکرا.
شەوی ڕابردوو، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئۆپراسیۆنێکیان لە ناوچەی "حارسیە" لە دەرەوەی ناوچەی سەوز ئەنجامدا. لەم چالاکییەدا تەڵاڵ زوبەیعی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (2014-2018) دەستگیرکرا. ناوبراو پێشتر و لە ساڵی 2019 پارێزبەندیی پەرلەمانیی لەسەر هەڵگیرابوو و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان و قەدەغەی گەشتکردنی بۆ دەرچووبوو.
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی زوبەیعی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی تانک و زرێپۆشەکان لە شەقامەکانی بەغداد، ئەمەش نیشانەی توندیی ئەو هەڵمەتەیە کە حکومەت دەستیپێکردووە. تەڵاڵ زوبەیعی کە لە ژیانی سیاسیی خۆیدا چەندین جار حیزب و هاوپەیمانییە سونییەکانی گۆڕیوە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی بە دۆسیەی گەورەی گەندەڵی تۆمەتبار کراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، دەنگۆی دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە کە گوایە چەند ملیۆن دۆلارێکی پێبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی ئەمنیی فەرمی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەروەها حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق، ناچار بوو ڕوونکردنەوە بدات و ڕایگەیاند کە هیچ هێزێک نەچووەتە سەر ماڵەکەی و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لەو هەڵمەتە بەرفراوانەی کە لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانەوە بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە دزینی سامانی گشتی دەستیپێکردووە. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشتر جەختی کردبووەوە کە ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و هیچ کەسێک لە سزا و لێپێچینەوە پارێزراو نابێت، ئەگەر دەستی لە گەندەڵیدا هەبێت.