
لە گەرمەی هێرشە مووشەکییەکان و بۆردوومانکردنی 140 پێگەی سەربازی لە ناوخۆی ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەداتە واشنتن کە دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد. قالیباف ڕایگەیاند کە سەردەمی ڕێککەوتنە تاکلایەنەکان کۆتایی هاتووە و گوتی: "پێمان گوتن پابەندبن بە بەڵێنەکانتان، ئەگەرنا باجەکەی دەدەن، ئێستا دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە". ناوبراو جەختی کردەوە کە بژاردەکانی بەردەم ئەمریکا تەنیا لە نێوان پابەندبوون بە بەڵێنەکان یان دانی باجێکی قورسدایە.
قالیباف لە تویتەکەیدا ئاماژەی بە وردەکارییەک کردووە کە پەیوەستە بە ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ناوچەکە. ئەو بەشێک لە بڕگەی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە 14 خاڵییەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دووپات کراوەتەوە کردنەوەی گەرووی هورمز تەنیا بەگوێرەی ڕێکخستن و مەرجەکانی ئێران دەبێت، ئەمەش وەک کارتی فشار بەرامبەر هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بەکاردەهێنرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامە سیاسییانەدا، گرژییە سەربازییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، کوەیت، بەحرێن، ئوردن و عومان. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ فشارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجامدراون.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کاردانەوەی توندی نیشاندا. سێنتکۆم ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر کەشتییەک کە ئاڵای قوبرسی هەڵگرتبوو، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان. بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی 140 پێگەی سەربازیی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش گەورەترین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هەردوولایە لەم ماوەیەدا.