گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ناوچەکەیان خستووەتە نادڵنیاییەوە

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ناوچەکەیان خستووەتە نادڵنیاییەوە
گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ناوچەکەیان خستووەتە نادڵنیاییەوە

بەهۆی لێکدانەوە جیاوازەکان بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ئاستێکی مەترسیدار و ناوچەکە کەوتووەتە دۆخێکی نادیارەوە. داخستنی گەرووی هوورمز، هێرشە دەریاییەکان و کۆتاییهاتنی ئاگربەست، ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی هەمیشەیی کەم کردووەتەوە و لە بەرامبەریشدا هێزە ناوچەییەکان و ئیسرائیل خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا

هێشتا مانگێک بەسەر واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێراندا تێنەپەڕیوە، جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزییەکان یەخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتەوە و ناوچەکەیان خستە ناو نادڵنیاییەکی نوێوە.

ناکۆکی لەسەر لێکدانەوەی لێکتێگەیشتنەکە

لێکدانەوەی جیاوازی تاران و واشنتن بۆ لێکتێگەیشتنی نێوانیان، بووە هۆی دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هەر لایەنە و ئەوی دیکە بە پێشێلکردن و جێبەجێنەکردنی تۆمەتبار دەکات.

پێکدادانی سەربازی و هێرشە دەریاییەکان

لە دوای واژۆکرانی یاداشتەکەوە تاوەکو ئێستا 6 کەشتیی بازرگانی لە گەرووی هوورمز بە ئامانج گیراون، ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکرێت، لە 3 خولی هێرشەکاندا، سوپای ئەمریکا زیاتر لە 300 پێگەی لە خاکی ئێران بۆردوومان کردووە، لە وەڵامی ئەو هێرشانەشدا، وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە.

هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن

بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی 17ـی حوزەیرانی سویسرا، پێویست بوو سوود لە ماوەی 2 مانگی ئاگربەست ببینرێت، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرتاسەری، بەڵام دەرەنجامەکە پێچەوانەیە، هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لای خۆی ڕاگەیاند.

داخستنی گەرووی ستراتیژیی هوورمز

ئەگەر جاران بەربەستی بەردەم ڕێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بووبێت، ئێستا دۆسیەی گەرووی هوورمزیشی هاتووەتە سەر، دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ئێران گەرووە ستراتیجییەکەی داخست و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکارانی ئێران لەبارەی پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکەوە گوتی، ئەمریکا پێشێلی لێکتێگەیشتنەکەی کردووە و بۆ ئەوانیش کۆتایی هاتووە.

بەڵگەکانی ئێران بۆ پێشێلکردنی یاداشتەکە

محەممەد باقر قالیباف لەبارەی پابەندبوونی وڵاتەکەیەوە وێنەیەکی خاڵی 5ـەمی یاداشتەکەی وەکو بەڵگە بڵاوکردووەتەوە، کە ئاماژە بە پابەندیی ئێران بۆ گرەنتیکردنی سەلامەتیی جموجوڵی بێبەرامبەری کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای عوممان و بە پێچەوانەشەوە دەکات و دەڵێت، ئەمریکا ئەم خاڵەی پێشێل کردووە.

ئامادەباشیی سەربازیی ئیسرائیل

سەرەڕای هەوڵی بێوچانی نێوەندگیرەکان، داهاتووی ڕێککەوتنی هەمیشەیی ئەمریکا و ئێران بە نادیاری ماوەتەوە، کە ئامانجی سەرەکیی واژۆکردنی یاداشتی نێوانیان بوو، لەم نیوەندەدا ئیسرائیل کە نەیارێکی سەرسەختی ئێران و پاڵنەرێکی سەرەکیی پشت هێرشەکانی سەر تارانە، بێدەنگیی لێ کردووە، بەڵام یسرائیل کاتزی وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لەبارەی حاڵەتی ئامادەباشییەوە ڕایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا