
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، پاراستنی گەرووی هوورمز و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتەکەی لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی گرنگترە و دۆخی گەرووەکەش ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ. جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران بەردەوام دەبێت لە ڕێبازی شۆڕش و بەهێزەوە ڕووبەڕووی پلانەکانی ئەمریکا و دوژمنەکانی دەبێتەوە و ڕێگە نادەن دۆخی گەرووەکە بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش جەنگ.
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەر لەبارەی ئاراستەی سیاسیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، ئێستا وڵاتەکەی مامەڵە لەگەڵ دوو پرس دەکات، ئەوانیش "بەردەوامیدانە بە ڕێبازی شۆڕش" و "بەدواداچوون و دەستەبەرکردنی مافەکانی ئێران"، بۆیە بۆ هەردووکیان بەهێزەوە بەدواداچوون دەکەن و هەرگیزیش داخوازییەکانی وڵاتەکەیان پشتگوێ ناخەن.
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵا لەبارەی پێگەی گەرووی هوورمزەوە گوتی، گەرووی هوورمز ڕێگەیەکی ستراتیجییە بۆ ئێران و بە یەکێک لە پێکهاتەکانی خۆڕاگریی دەزانن، گەرووەکە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەش لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران دەگێڕێت.
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران هەر لەبارەی گەرووی هوورمزەوە گوتی، ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی گرنگیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاترە.
موحسین ڕەزایی، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی دیکەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، توانای زۆریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمنەکانیان هەیە، بەڵام نابێت تواناکانی دوژمن بە نادیدە بگرن، داواشی لە خەڵک و هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد بە "یەکگرتوویی و یەکڕیزی" ڕووبەڕووی هەموو پلانەکانی دوژمن ببنەوە.





