عێراق و سووریا و ئەمریکا بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس زیندوو دەکەنەوە

یەسنا ئومێد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە
بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە

عێراق و سووریا بە هاوکاریی ئەمریکا کار بۆ زیندووکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس دەکەن، بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و دوورکەوتنەوە لە گەرووی هوورمز کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە؛ پڕۆژەیەک کە نەوتی عێراق دەگەیەنێتە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و گۆڕانکاریی ستراتیجی لە ناوچەکەدا دروست دەکات.

هەوڵێک بۆ ڕزگاربوون لە هەژموونی ئێران

پێگەی "میدڵ ئیست ئای" لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقی و هەرێمییەوە بڵاوی کردووەتەوە، عێراق، سووریا و ئەمریکا پلان بۆ زیندووکردنەوەی بۆرییەکی نەوت دادەنێن کە نەوتی عێراق دەگەیەنێت بە کەناراوەکانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست، ئامانجیشیان کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی ئێرانە بەسەر گەرووی هوورمزدا.

ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە واشنتن واژۆ دەکرێت

سەرچاوە ئاگادارەکان لەبارەی وردەکاریی ڕێککەوتنەکەوە بە پێگەی "میدڵ ئیست ئای"ـیان گوتووە، بۆرییە نەوتەکە لە کەرکووکەوە بەرەو کەناراوەکانی سووریا لە بەندەری بانیاس درێژ دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو یاخود ئەم هەفتەیە ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکرێت، بە ئەگەری زۆریشەوە ئەم ڕێککەوتنە لە دوای کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت و لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی بۆرییەکەش، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دەچێتە واشنتن.

ڕۆڵی نێردەی تایبەتی ترەمپ لە پڕۆژەکەدا

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا و عێراق لەسەر وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنە کار دەکات، تاوەکو بەشی زۆری ڕێککەوتنەکە بەر لە سەردانەکەی زەیدی یەکلایی ببێتەوە. بەگوێرەی پێگەکە، باراک پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زەیدی دروست کردووە و دەیەوێت ئەم پڕۆژەیەش لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بهێڵێتەوە.

کەناڵ8 زانیاریی نوێ لەبارەی پڕۆژەکە بڵاو دەکاتەوە

مایڵز کاگینز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "وۆردز واریەرز" و گوتەبێژی پێشووی "ئەپیکۆر" پێشتر لەبارەی پڕۆژە پێشنیارکراوەکانەوە لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 ئاشکرای کرد، مانگی ئایار سەردانی سووریای کردووە و چاوی بە چەند بەرپرسێکی باڵا کەوتووە و باسیان لە 5 پڕۆژەی گەورە کردووە، یەکێک لەو پڕۆژانەش کردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاسە، تاوەکو 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بگوازێتەوە.

مێژووی دروستکردن و وەستانی بۆرییەکە

بۆرییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتی عێراق لە ساڵی 1952 دروست کراوە و توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە، ساڵانی هەشتاکان بەهۆی ئەوەی سووریا لە جەنگی عێراق - ئێران پاڵپشتی ئێرانی کرد، عێراق بۆرییەکەی داخست، لە ساڵی 2003ـش، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە، بۆرییەکە زیانی گەورەی پێ گەیشت.

ئاڵۆزییە تەکنیکییەکانی نۆژەنکردنەوە

پێگەی "میدڵ ئیست ئای" لەبارەی ئاستەنگە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکەوە نووسیویەتی، چاککردنەوەی بۆرییەکە کارێکی زۆری دەوێت، پێویست بە دابینکردنی تانکی هەڵگرتنی نەوت، پەمپ و سیستمی ئەلکترۆنی دەبێت، لە ئەگەری گۆڕینی تەواوەتیی بۆرییەکەش، 2 بۆ 3 ساڵی پێویست دەبێت.

هەوڵە شکستخواردووەکانی ڕابردوو

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 عێراق و سووریا گفتوگۆیان لەسەر زیندووکردنەوەی بۆرییەکە کرد، تاوەکو جارێکی دیکە ئەم بۆرییە بخەنەوە کار، بەڵام گفتوگۆکان شکستیان هێنا.

گرنگیی ستراتیجیی هێڵی بانیاس

لە ئێستادا و بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هوورمز لەلایەن ئێرانەوە، هێڵی نەوتی بانیاس بە گرنگ تەماشا دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق لە ڕێگەی تانکەرەوە دەستی بە گواستنەوەی نەوت لە سووریاوە کرد.

کاریگەریی داخستنی گەرووی هوورمز لەسەر عێراق

یەکێک لەو وڵاتانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە، عێراقە، 95%ـی نەوتەکەی لە ڕێگەی گەرووەکەوە دەگواستەوە، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام نەیتوانیوە لە ڕێگەی گەرووەکەوە نەوتەکەی بگوازێتەوە.

یەسنا ئومێد

3 کاتژمێر پێش ئێستا