سێنتکۆم: گەرووی هوورمز کراوەيە و دانەخراوە

رۆزا حیسام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هێزی دەریایی ئەمریکا بە ووردی چاودێری هاموشۆی دەریاوانی دەکات لە گەرووی و هورمز و ناوچەی کەنداو، فۆتۆ: AFP
هێزی دەریایی ئەمریکا بە ووردی چاودێری هاموشۆی دەریاوانی دەکات لە گەرووی و هورمز و ناوچەی کەنداو، فۆتۆ: AFP

فەرماندەی ناوەندی ئەمريکا ناسراو بە سێنتکۆم ڕايگەياند، جموجوڵی کەشتييەکان لە گەرووی هوورمز بەردەوامە و ئێران کۆنترۆڵی گەرووەکەی بەدەستەوە نييە.

یاسایی بوونی تیپەڕبوونی کەشتییەکان

سێنتکۆم لە ڕاگەيێندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە، گەرووی هوورمز کراوەیە بۆ هەموو ئەو کەشتیانەی کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی بەو ڕێڕەوە ئاویيە نێودەوڵەتیيەدا تێپەڕن.

هێزەکانی ئەمریکا دڵنیایی دەدەن لە ئازادی کەشتیوانی

ڕاشيگەياندووە، "هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئازادیی کەشتیوانی سەرەڕای دەستدرێژی و هەراسانکردن و هەڕەشە و ڕاگەیاندنی ئارەزوومەندانە بێ پاساوەکانی ئێران بەردەوام دەبێت".

سێنتکۆم جەختیش دەکاتەوە، "ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووەکە ناکات و هاتوچۆ بەردەوامە".

لێدوانی ئێران لەسەر داخرانی گەرووی هورمز

ئەوەش دوای ئەوەدێت کە بەيانی ئەمڕۆ، هێزە دەریارییەکانی سوپای پاسداران، داخستنی گەرووی هوورمزى تاوەکو کاتێکی نادیار ڕاگەیاند و گوتى، "هەر دەستوەردانێک لە گەرووەکە وەڵامی توندی دەبێت".

پاسدارانی ئێران، ئەمریکای بە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکانی ئەم دواییە دانا و دەڵێت، هیچ کەشتییەک مۆڵەتی دەرچوونی لە گەرووەکە نابێت هەر هێرشێک و دەستدرێژییەکی دیکە وەڵامی توندی دەبێت.

گەرووی هورمز گرێکوێرەی بەردەم لێکتێگەیشتنی واشنتن و تاران

دوای واژۆکردنی یاداشتنی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران لە 17ـی حوزەیران،  گەرووی هوورمز بووەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنیدا. ئێران دەڵێت، تێپەڕین بە گەرووەکەدا دەبێت بە مۆڵەتی سوپای پاسداران بێت و ئەمریکاش ڕەتیدەکاتەوە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، وڵاتی عوممان پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو، کە تێپەڕین بە ئاوەکانی عومماندا وەک پێش جەنگ بێت و  ڕێڕەوی سنووری ئێرانیش بە مۆڵەتی تاران بێت.

رۆزا حیسام

3 کاتژمێر پێش ئێستا