وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە کۆبوونەوە

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە لە ڕیاز
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە لە ڕیاز

شاندێکی باڵای عێراق، بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوە، گەیشتە سعودیە و لەلایەن فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.

ئەندامانی شاندەکەی عێراق

شاندەکەی عێراق پێکدێت لە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوە، قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، حەمید شەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.

جەختکردنەوە لە گرنگی پاراستنی پەیوەندییەکان

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیرى دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندووە، ئاسایشی عێراق بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ئاسایشی ناوچەکە و جەختی لە گرنگی پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و بەغداد کردووەتەوە.

بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش

وەزیرى دەرەوەی سعودیە، جەختی لە ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ عێراقدا کردووەتەوە، بە جۆرێک خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.

پەرۆشی عێراق بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، فوئاد حسێن پەرۆشی عێراقی بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و نایاب لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دووپات کردووەتەوە.

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەکردووە، لێکەوتەکانی جەنگی ئەمدواییە لەسەر ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پەیوەندییەکان هەبووە.

بە گوتەی فوئاد حسێن، عێراق زەرەرمەندترین وڵاتی بووە لە لێکەوتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی جەنگ، لەنێویاندا هەوڵەکان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ.

پشتیوانیکردن لە حکومەتی نوێی عێراق

وەزیرى دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات، وەک پەرۆشییەک بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیی نێوانیان بە جۆرێک بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا