بەقائی: ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی هاتووە و متمانەمان بە ئەمریکا نییە

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆتاییهاتنی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن بە ڕوونی بەڵێنەکانی پێشێل کردووە؛ هاوکات تاران ئاشکرای کرد کە هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازییان لە نائین و بەو هۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە.

کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن ڕایگەیاند، ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی هاتووە و ئەمریکا بە ڕوونی ڕێککەوتنەکە پێشێل دەکات و متمانەمان بە ئەمریکا نییە.

گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێچەوانە و زیانەکانی هێرشەکەی نائین

ناوبراو لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و زیانەکانی هێرشەکەی نائین ئاماژەی بەوە کرد، لە هەر شوێنێک ئەمریکا بەڵێنەکەی پێشێل کردبێت ئێمەش ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر و بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی لە نائین 1 کەس کوژرا و 7ی دیکەش بریندار بوون.

هاوکاریکردنی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر خاکەکەیان ڕایگەیاند، ئەمریکا بە هاوکاریی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە هێرشیان کردە سەر ئێران.

پشتگیریی خەڵکی عێراق و جیهان بۆ خامنەیی

ئیسماعیل بەقائی لەبارەی دەربڕینی هاوسۆزیی گەلان بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوەش کرد، گەلی عێراق و هەموو خەڵکی ئازادی جیهان دڵسۆزیی خۆیان بۆ خامنەیی دەربڕی.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا