هەماهەنگییە سەربازییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدایە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هەماهەنگییە سەربازییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدایە
هەماهەنگییە سەربازییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدایە

پەیوەندییە سەربازییەکانی عێراق و ئەمریکا لە لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ستراتیجی و مێژوویی لە نێوان مانەوە و کشانەوەدا بە خۆیەوە بینیوە، ئێستا لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدایە؛ بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن، ڕەزامەندیی کۆتایی بۆ کشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی هاوبەشیی دوو قۆڵیدا بەدەستبهێنێت.

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس

لە دواى ساڵى 2003 ـەوە و دواى ڕووخاندنى دەسەڵاتى بەعس، پرۆسەى بونیادنانەوەى دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکانى عێراق دەستیپێکردووە و لە چوارچێوەى ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکاندا سەرنج خراوەتە سەر بونیادنانەوەى سوپا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، پەرەپێدانى تواناکانى بەرگرى.

پرۆسەى بونیادنانەوەى دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکان

لە پاڵئەوەشدا، دابینکردنى چەک و پێداویستیی سەربازى پاڵپشتیی لۆجستى، هەواڵگرى و جێبەجێکردنى بەرنامەى ڕاهێنانى هاوبەش.

لە ساڵى 2008 عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتنامەى چوارچێوەی ستراتیجى و ڕێککەوتنامەى ئەمنیان بۆ ڕێکخستنى هەماهەنگییەکانى هەردوو وڵات لەلایەن نوورى مالیکى سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق و جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا واژۆکرد.

واژۆکردنى ڕێککەوتنامەى چوارچێوەی ستراتیجى

بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە میکانیزمى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و بەهێزکردنى هەماهەنگییەکان لە بوارى بەرگرى و ڕاهێنان دیاریکران.

لە 18ـى ئابى 2010 دوایین یەکەى شەڕکەرى ئەمریکا خاکى عێراقى بەجێهێشت.

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق

سەرهەڵدانى داعش لە سووریا و هێرشکردنە سەر عێراق لە حوزەیرانى 2014 و کۆنترۆڵکردنى یەک لەسەر سێى خاکى  عێراق لەماوەیەکى زەمنى کورت و تاوانى کۆمەڵکوژى داعش دژ بە ئێزدییەکانى شنگال، ئیدارەى ئەوکاتى ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی باراک ئۆباماى ناچارکرد دەستوەردان بکات بۆ پاراستنى پێکهاتەکانى عێراق.

سەرهەڵدانى داعش و دەستوەردانى ئەمریکا

دواى ئەمریکا وڵاتانى دیکەى وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بەشدارییان لە هەڵمەتەکانى دژ بە داعش کرد و هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى بە بەشدارى 89 وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش پێکهێنرا.

ئەرکى وڵاتانى هاوپەیمانان بریتى بوو لە هێرشى ئاسمانى، دابینکردنى چەک و تەقەمەنى، مەشق و ڕاوێژى سەربازى بە پێشمەرگە و هێزەکانى عێراق.

ڕاگەیاندنى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژى داعش

دواى شکستپێهێنانى داعش لە ساڵى 2017، هەماهەنگییە سەربازییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق گۆڕدرا بۆ ڕاهێنان، ڕاوێژ، ئاڵوگۆڕى زانیاریی هەواڵگرى و پاڵپشتیی هەوڵەکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.

لە تەمموزى ساڵى 2024 دواى زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانى باڵاى ئەمنى و سەربازى عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکى نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى و گواستنەوەى پەیوەندییەکان بۆ هاوبەشى واژۆکرا.

خشتەى کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى

بەگوێرەى خاڵى یەکەمى ڕێککەوتنەکە لەماوەى 12 مانگدا و تاوەکو کۆتایی ئەیلوولى 2025 ئەرکى سەربازى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە عێراق کۆتایی دێت و لە کۆتایی ئەیلوولى 2026 ئەرکى هاوپەیمانان لە هەرێمى کوردستانیش کۆتایی دێت.

لەم سەردانەى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ واشنتن تەوەرێکى سەرەکى گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لە دواى کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق.

30ـى ئەیلوول دوا وادەى کشانەوەى هاوپەیمانان

زەیدى هەوڵدەدات سەرۆکى ئەمریکا ڕازى بکات بە کشاندنەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بەو پێیەى ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانى عێراق ڕەتیانکردووەتەوە بەر لە کۆتاییهاتنى داگیرکارى و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا چەکەکانیان ڕادەستى دەوڵەت بکەن.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا