شەپۆلی گەرما بەرۆکی ئەورووپا بەرنادات؛ 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران هێکتار دارستان سووتاوە
بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپادا، زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕووبەرێکی فراوان لە دارستانەکان سووتاون، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە و هۆشداری لە بەردەوامیی فشارەکان بۆ سەر سیستمی تەندروستی و کەرتی وزەی وڵاتان دەدەن.
کاریگەرییە مرۆییەکانی شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا
وڵاتانی ئەورووپا زیاتر لە 10,000 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە کۆتایی حوزەیران وڵاتەکانی گرتووەتەوە تۆمار کردووە، بەشی زۆری ئەو کەسانەشی کە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 9,000 حاڵەتیان، تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاتر بووە.
کۆپەرنیکۆس و هۆشداریی شارەزایانی کەشناسی
بەگوێرەی شارەزایانی کەشناسی، ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە 20 بۆ 28ـی حوزەیران بەردەوام بوو، لە مێژووی ئەورووپادا خراپترین شەپۆل بووە، وای کردووە جگە لە زیادبوونی گیانلەدەستدان، بەرهەمهێنانی کارەباش کەم بێتەوە و فشارێکی زۆریشی خستووەتە سەر سیستمی تەندروستیی وڵاتان. پێگەی کۆپەرنیکۆس بۆ کەشوهەوا لەبارەی گەرمترین مانگی مێژووەوە ڕایگەیاند، حوزەیرانی ڕابردوو، گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا، ئەم ڕاگەیەندراوەش لە کاتێکدایە، ئێستا شەپۆلێکی دیکەی گەرما لەم وڵاتانە دەستی پێکردووە.
چالاکییە مرۆییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا
شارەزایانی کەشناسی لەبارەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ڕایانگەیاندووە، ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە نەبووایە، ئەوا هەرگیز شەپۆلێکی لەم جۆرە ڕووی نەدەدا.
ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە فەرەنسا
لە فەرەنسا حاڵەتی لەناکاو بۆ یەک لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە ڕاگەیەندراوە، هۆکارەکەشی بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایە بووە کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگری دارستانەکان.
ملیۆنان کەس لەژێر کاریگەریی کایەی سووردان
ژمارەی ئەو فەرەنسییانەی لە دۆخی سووردان کە بەرزترین حاڵەتی لەناکاوی پەیوەست بە گەرمایە، نزیکەی 26 ملیۆن کەسە.
بەردەوامیی شەپۆلەکانی گەرما لە فەرەنسا
سێ شەپۆلی گەرما لە ماوەی دوو مانگدا ڕووی لە فەرەنسا کردووە و بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت.
زیانە دارایی و ژینگەییەکانی ئاگری دارستانەکان
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئاگری دارستانەکان بە گشتی لە ئەورووپادا زیادیان کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاگر لە 25,000 هێکتار زەوی کەوتووەتەوە، ئەمەش دوو هێندەی ئەو ڕووبەرەیە کە تاوەکو ئەم کاتانەی ساڵی ڕابردوو کەوتبووەوە.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی باشووری پاریس
نوێترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش، لە دارستانی فۆنتینبلۆی باشووری پاریسە لە فەرەنسا، ئێستا سەرجەم هەوڵەکانیش خراونەتە گەڕ، تاوەکو بتوانن ئەم ئاگرە بەر لە لەناوبردنی دارستانەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەرزبوونەوەی ئامارەکانی خنکان لە ئەڵمانیا
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەورووپادا، حاڵەتەکانی خنکانیش زیادیان کردووە، لە ئەڵمانیا 99 کەس لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لە ئاودا خنکاون، ئەمە بەرزترین ئامارە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
دۆخی گەرما و قوربانییەکان لە ئەڵمانیا و ئیسپانیا
ئەڵمانیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پلەکانی گەرما لە مانگی حوزەیراندا تێیدا بەرز بوو و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 42 پلەی سیلیزی. لە ئیسپانیاش 11 کەس بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە گیانیان لەدەست دا، 3 ئۆتۆمبێلیش سووتان کە کۆمەڵێک کەسی نەناسراویان تێدا بووە و تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا