
لە پەرەسەندێکی نوێی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەن بەشێوەیەکی زۆر تووند هێرش بکەنەوە سەر ئێران و دەستبەسەر گەرووی هوورمزدا دەگرن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بە تووندی لە ئێران دەدەن، وەکو ئەوەی شەوی ڕابردوو بە تووندی لێیاندا.
لەبارەی گرژییەکانی گەرووی هوورمزیش، ترەمپ ڕایگەیاند، خۆمان دەبینە پاسەوانی گەرووەکە و بەڕێوەی دەبەین، بەڵام بێبەرامبەر نابێت و دەبێت وڵاتان قەرەبوومان بکەنەوە.
مانگی ڕابردوو، ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ کۆتایی پێهێنانی تەواوەتی بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرد، کە بەردەوام یەکدی بە پیشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا ترەمپ گوتی، ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئێران هەبوو، بەڵام پێشێلیان کرد و هەر ئەوان هەمیشە پێشێلی دەکەن.
ترەمپ باسی لەوەش کردووە، شەوی ڕابردوو، بۆ ماوەی 11 کاتژمێر لەگەڵ ئێران کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە.