گەندەڵی لە هاوکارییەکانی بوومەلەرزەدا؛ هونەرمەندێکی دیاری تورکیا بە دیارنەمانی دەیان ملیۆن دۆلاری خۆبەخشان تۆمەتبارکراوە
بەهۆی گومانی گەندەڵی و دیارنەمانی دەیان ملیۆن دۆلار لە هاوکارییەکانی تایبەت بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، هالوک لەڤەنت، هونەرمەندی ناوداری تورکیا و 19 کەسی دیکە دەستگیرکران؛ تۆمەتباران بە سپیکردنەوەی پارە و بەکارهێنانی بەخشینەکان لە گرەوی نایاساییدا و گواستنەوەی پارە بۆ هەژماری کەسی و تەواونەکردنی پڕۆژە خێرخوازییەکان تۆمەتبار کراون.
هەڵمەتی دەستگیرکردن بەهۆی دۆسیەی گەندەڵیی دارایی
لەسەر دۆسیەی دیارنەمانی دەیان ملیۆن دۆلار کە بۆ نەخۆش و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کۆکراوەتەوە، هونەرمەندێکی دیاری تورکیا و 19 کەسی دیکە دەستگیرکران.
پێشینەی کارەکانی هالوک لەڤەنت و ڕێکخراوی ئەحباب
هالوک لەڤەنت، هونەرمەندێکی دیاری تورکیایە و ساڵی 2017 ڕێکخراوی "ئەحباب"ـی بۆ کۆکردنەوەی پارە و هاوکاری بۆ نەخۆش و ئەو کەسانە دروست کرد، کە پێویستیان بە هاوکاری و دەستگیرۆیی هەیە.
قەبارەی هاوکارییە کۆکراوەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە
لەڤەنت و ڕێکخراوەکەی، تەنیا بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی 6ـی شوباتی باکووری کوردستان و تورکیا، 158 ملیۆن دۆلاری کۆکردبووەوە.
تۆمەتەکانی ناو دۆسیەی لێکۆڵینەوە
بەگوێرەی ئەو دۆسیەیەی چەند ڕۆژێکە کراوەتەوە، لەڤەنت و ڕێکخراوەکەی، پێچەوانەی یاسای ڕێکخراوەکان کاریان کردووە، ئەو پارەیەی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان کۆکراوەتەوە، خراوەتە سەر هەژماری کەسی و لە گرەوی نایاساییدا بەکارهێنراوە، ئەوە جگە لەوەی هەوڵی سپیکردنەوەی پارەیان داوە و ئەو پڕۆژانەیان تەواو نەکردووە، کە بەڵێنیان دابوو بە پارەی خۆبەخشان، بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان دروستی بکەن.
وردەکاریی گواستنەوەی پارەکان و گرەوە نایاساییەکان
لە دۆسیەکەدا هاتووە، لەڤەنت تۆمەتبارە بەوەی هەژماری ژمارەیەک کەسی بەکارهێناوە و 120 ملیۆن لیرەی کۆکراوەی بۆ ئەو هەژمارانە گواستووەتەوە. ئەوە جگە لەوەی بە بەهای 990 ملیۆن لیرە گرەوی نایاسایی کردووە و لەو گرەوانەدا 390 ملیۆن لیرەی دۆڕاندووە.
گومان لە جوڵەی نایاسایی پارە لەنێوان هەژمارەکاندا
لێکۆڵەرانی دۆسیەکە، لەڤەنت و ڕێکخراوەکەیان بەوە تۆمەتبار کردووە، بڕێکی زۆر پارە لەنێوان هەژمارەکانیاندا جوڵەی پێکراوە و پێویستە وردەکاریی ئەو پارانە و هۆکاری گواستنەوەیان ئاشکرا بکرێت.
ناسنامەی هونەری و خێرخوازیی هالوک لەڤەنت
لەڤەنت بە گۆرانیی "ئەلفیدا" ناوبانگی دەرکرد، کە بۆ منداڵێکی تووشبووی شێرپەنجەی گوت، پاش ئەوەش دەستی بە کاری خێرخوازی و کۆکردنەوەی پارەی خۆبەخشان کرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا