نرخى نەوتى خاو 5% بەرزبوونەوەى تۆمارکرد

ئارا ئیبراهیم 6 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر
چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر

پاش ئەوەى ئەمریکا گەمارۆى دەریایی لە گەرووى هوورمز سەپاندەوە، کە ڕێگرى دەکات لە دەرچوونى کەشتییەکان، نرخى نەوتى خاو 5% بەرزبوونەوەى تۆمارکرد.

یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 79 دۆلارو 93 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت

یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 79 دۆلارو 93 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و لەسەدا 5% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس بە 75 دۆلارو حەوت سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەرێژەى 5% بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لەکاتێکدایە کە ئەمریکا چەند جارێک هێرشى کردە سەر پێگە سەربازییەکانى ئێران لە گەرووى هوورمز و بەندەر عەباس، هاوکات ئێرانیش بە مووشەکو درۆن وەڵامى ئەمریکاى دایەوەو پێگەکانى ئەمریکاى لەوڵاتانى کەنداو بۆردومان کردووە.

نرخی فرۆشتنی نەوتی خاوی ئیمارات بۆ مانگی ئاب

ئاژانسى رۆیتەرز ئەوەى خستۆتەڕوو، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی ڕایگەیاندووە، نرخی فرۆشتنی ڕەسمی نەوتی خاوی ئیمارات بۆ مانگی ئاب بە 80 دۆلار و 01 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دادەنێت، ئەمەش نیشانەى ئەوەیە لە داهاتوودا نرخى نەوتى خاو زیاتر بەرزبوونەوە تۆمار دەکات.

لێدوانە توندەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران

لە پەرەسەندێکی نوێی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەن بەشێوەیەکی زۆر تووند هێرش بکەنەوە سەر ئێران و دەستبەسەر گەرووی هوورمزدا دەگرن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بە تووندی لە ئێران دەدەن، وەکو ئەوەی شەوی ڕابردوو بە تووندی لێیاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو، ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ کۆتایی پێهێنانی تەواوەتی بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرد، کە بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن.

ئارا ئیبراهیم

6 کاتژمێر پێش ئێستا