سۆمۆ: هەناردەى نەوتى عێراق زیادیکردووە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە بەندەرەکانی هەناردەی نەوتی عێراق لەسەر کەنداو
یەکێک لە بەندەرەکانی هەناردەی نەوتی عێراق لەسەر کەنداو

داتاکانى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، دەریدەخەن، هەناردەى نەوت لە بەندەرەکانى بەسرەو جەیهانەوە زیادیکردووە.

لە بەسرەوە ڕۆژانە 870 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

بەگوێرەى داتاکان هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە لە مانگی حوزەیران بۆ نزیکەی 870 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی ئایار سێ هێندەیە.

بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە هەناردەی نەوتی عێراق دابەزینی تۆمارکرد

لە دواى دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئێران و داخستنى گەرووى هوورمز، هەناردەى نەوتى عێراق دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد، لە کاتێکدا بوو لە بەسرەوە لە مانگی شوباتدا نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیلى لە ڕۆژێکدا هەناردە کرابوو.

تێکڕای هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی حوزەیراندا لە بەندەری جەیهانەوە

سۆمۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرى جەیهانی تورکیا لە مانگی حوزەیران گەیشتووەتە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بڕی بەرهەمی مانگی شوباتی ڕابردوو

بەگوێرەى ڕێکخراوى ئۆپێک کۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتبووە 4.22 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام دواى تێکچوونى دۆخى ناوچەکە و داخستنى گەرووى هوورمز، لە مانگی ئازار تاوەکو حوزەیران کۆی بەرهەمی وڵاتەکە بۆ خوار دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا