ئێن بی سی نیوز: تێچووی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران نزیکە لە 100 ملیار دۆلار

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

تێچووی دارایی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا دژی ئێران، بەخێرایی لە 100 ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە، کە زیاتر لە سێ هێندەی ئەو 30 ملیار دۆلارەیە، پنتاگۆن بە ئاشکرا دانی پێداناوە.

هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی کراوە بۆ تێچووی جەنگەکە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی نیوز، هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکەن، تێچووی جەنگەکە لە نێوان 80 بۆ 100 ملیار دۆلاردایە.

خەرجییە ئاشکرا نەکراوەکان

ئەم جیاوازییە گەورەیە لە خەرجییە ئاشکرا نەکراوەکان، لەدەستدانی فڕۆکەی پێشکەوتوو، وێرانکاریی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.

تاوەکو ئێستا واشنتن ڕەتیدەکاتەوە بڕی تێچووی گشتگیری شەڕەکەى لەگەڵ ئێران ئاشکرا بکات.

ڕاگەیێنراوی فەرمی ئیدارەی ترەمپ لەسەر تێچووی جەنگەکە

ئیدارەی ترەمپ لەماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، تێچووی جەنگەکەی لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە 31 ملیار دۆلار، کە زۆرینەی پەیوەستە بە چەکی بەکارهاتوو، نەوەکو چاککردنەوەی ژێرخان و جێگرتنەوەی ئەو کەلوپەلانەی زیانیان پێگەیشتووە کە زیاتر لە 40 فڕۆکەی پێشکەوتووە.

تێچووی ئاوەدانکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا

میدیا ئەمریکییەکە دەڵێت، تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئەو بنکە ئەمریکییانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە وێران بوون، بە تەنیا 30 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.

زیانی دامەزراوە سەربازییەکان ئەمریکا لە بەحرەین یەک ملیار دۆلارە

دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت زیانەکانی دامەزراوە سەربازییەکان تەنیا لە بەحرەین، نزیکەی یەک ملیار دۆلار بێت، ئەمە جگە لەوەى ئەو 30 ملیار دۆلارەی ڕاگەیێنراوە، ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دواییەی لەخۆ نەگرتووە.

ئەم تێچووە زیادە و ئاشکرانەکراوانە لە کاتێکدایە، وەزارەتی جەنگى ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمییەکی دەستبەجێی بودجە بووەتەوە.

پنتاگۆن داوای بودجەیەکی دیکە دەکات

پنتاگۆن لە ئێستادا داوای بودجەیەکی تەواوکەری 68 ملیار دۆلاری دەکات، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی، تاوەکو کۆنگرێس لە وەرزی پاییزدا، بودجەیەکی نوێی 1.5 تریلیۆن دۆلاری تاوتوێ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە لە ناوەندی نەبوونی شەفافییەتی دارایی تێچووی جەنگەکە، ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسان، ئارەزوویەکی کەمیان پیشانداوە بۆ پەسەندکردنی بودجەکە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا